کەنداڵ نەزان بەشداری سەرۆک بارزانی لە کردنەوەی ڕێگەی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت

کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتۆی کوردی لە پاریس بەشداری سەرۆک مەسعود بارزانی لە کردنەوەی ڕێگەی پێشمەرگە بەرزدەنرخێنێت، ئاماژە بەوە دەکات کە فەڕەنسییەکان بەو هەنگاوە بە ناونانی ڕێگەیەک لە شاری پاریس ڕێز دانانە بۆ خەبات و قوربانی دانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.
کەنداڵ نەزان ئاماژە بەوە دەکات، کە فەڕەنسییەکان لە قۆناغی زۆر سەختدا پشتیوانی گەلی کورد بوونە بە تایبەت لە سەردەمی دانیال میتەڕاندا کە دۆستێکی باشی سەرۆک بارزانی و گەلی کورد بوو.
کەنداڵ نەزان بۆ کوردستان24 گوتی: کردنەوەی ڕێگە و پارکی پێشمەرگە لە پاریس زۆر گرنگە، فەرەنسا دۆستی گەلی کوردستانە، لەماوەی 40 ساڵی رابردوودا زۆر هاوکاریی و پشتیوانی گەلی کوردستانی کردووە، کردنەوەی ڕێگە و پارکێک بەناوی پیشمەرگە لە پاریس کە شارێکی کلتووری و هونەرییە لەسەر ئاستی جیهاندا، کە ڕێگەیەک لەو شارە مێژووییە جیهانییە دەکرێتەوە، زۆر گرنگە، چونکە نیشاندانی ڕێزە بەرانبەر قارەمانێتی و قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆردا.
لەبارەی سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی بۆ پاریس و کردنەوەی ڕێگەی پێشمەرگە، کەنداڵ نەزان گوتی: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ پاریس لە دوو لایەنەوە زۆر گرنگە، لەلایەک خۆی وەک پیشمەرگە هەژمار دەکات، ئەمەش ڕێزی زۆرە بۆ پێشمەرگە، بۆیە زۆر دڵخۆش بوو کە پێشنیازی ئەوە کرا جەنابیان بەشداریی ڕێوڕەسمی کردنەوەی پارک و ڕێگەکە بن، لایەنی دووەمیش ئەوەیە، فەرەنسا لە دۆخێکی زۆر مێژوویی و هەستیاردا پشتیوانی گەلی کوردستانی کرد، بەتایبەت لەسەردەمی میتراندا، دانیال میتران پەیوەندییەکی زۆر بەهێزی لەگەڵ سەرۆک بارزانیدا هەبوو، سەرۆک بارزانیش ڕێزێکی زۆری بۆ فەرەنسا هەیە چونکە دەزانێت فەرەنسا دۆستی ڕۆژانی ڕەشی گەلی کوردستانە، فەرەنسا پشتیوانی گەلی کوردستانی کرد لە پەسەندکردنی بڕیاری(688)ـی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بووە بنەمای کوردستانی ئەمڕۆیە کە تێیدا ئازاد و سەربەخۆین.
دەشڵێت: دۆزی گەلی کوردستان لە فەرەنسا زۆر پشتیوانیی لێدەکرێت، پارت و لایەنە سیاسییەکانی فەرەنسا و دامەزراوە فەرمییەکانیشی، پشتیوانی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستانن، نزیکەی سەدا 90ـی خەڵکی فەرەنسا دۆستی گەلی کوردستانن، شارەزان بە دۆزی گەلی کوردستان و ئەو گەلە بە بەشی دەناسن.
هەر لە ئینستیتۆی کوردی لە پاریس، شەوقی کانەبی پەیامنێری کوردستان 24 گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتیەکی فەڕەنسی دەکات کە لە ساڵانی نەوەدەکان لە زانکۆ سەلاحەدین مامۆستای بەشی فەڕەنسی بوەو لە ڕێکخراوی دانیال میتراندا کاری کردوەو هاوکاری گەلی کوردستانی کردوە، خۆی فێری کوردی کردوەو بە سۆرانییەکی خۆش دەدوێت.
ژێرار گۆتیێ، هاووڵاتییەکی فەرەنسییە و لە ئینستیۆتیتی کوردی لە پاریس کاردەکات و ماوەیەک لە کوردستان ژیاوە، بۆ کوردستان24 دەڵێت: من لەگەڵ دانیال میتران لە باشووری کوردستان کارمان کردووە، ئەو بەڕاستی دایکی کوردان بوو، دەڵێت: پێشتر فەرەنسییەکان شارەزا نەبوون بە دۆزی کورد، بەڵام ئینستیۆتیتی کوردی لە پاریس کاری زۆر باشی لەسەر ناساندنی دۆزی گەلی کوردستان و ئێستا زۆرینەی فەرەنسییەکان گەلی کوردستان دەناسن و بە دۆزەکەی ئاشنان، لە ساڵانی هەشتاکان تا ئەمڕۆ، پەیوەندییەکانی گەلی فەرەنسا و گەلی کوردستان زۆر باش بووە.
گوتی: توێژەرانی وڵاتان لە ساڵی 2016 توێژینەوەی گرنگیان لەبارەی کوردستانەوە کرد، چەند قوتابییەکی زانکۆی سەڵاحەدینیشمان لەبەشی کورد هێنایە پاریس و توێژینەوەکانمان بڵاوکردنەوە، بەمەش دۆزی کورد لەفەرەنسا زیاتر ناسێندرا، توێژینەوەکان لەبارەی پرسی کورد و زمانناسی و دیالێکت و مێژوو، جوگرافیا، سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی کورد، ئەنجامدران و کرانە کتێب بە زمانی فەرەنسی.