سەرۆک بارزانی سیمبوڵی قارەمانێتی پێشمەرگەی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد

هەینی 5ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی بارزانی گەیشتە باڵەخانەی شارەوانیی پاریس و لەگەڵ ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شارەکە کۆبووەوە، دوای کۆبوونەوەکەش، سەرۆک بارزانی چەند دیارییەکی کوردستانی پێشکەش بە سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد.
سەرۆک بارزانی، کتێبێکی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد، کتێبەکە باس لە قارەمانێتی پێشمەرگە و سەرکەوتنەکانی دەکات بەرانبەر گرووپی تیرۆریستی داعش.
دواتر، سەرۆک بارزانی، تابلۆیەکی پێشمەرگەی پێشکەشی ئان هیدالگۆ، سەرۆکی شارەوانیی شاری پاریس کرد و گوتی: ئەوە تابلۆی پێشمەرگەیە، ئەو پێشمەرگەیەی شەڕی داعشی لەبری هەموو جیهاندا کرد.
سەرۆکی شارەوانی پاریسیش گوتی: ئەو دیارییە زۆر بەهادارە لای من، پێویستە لە شوێنێک دابندرێت لە ئۆفیسەکەم، هەر میوانێکم بێت، پێویستە تابلۆی پێشمەرگە ببینێت، گوتیشی: ئێمە قەرزاری پێشمەرگەین، پێشمەرگە لەبری هەموومان شەڕی دژ بە داعشی کرد.
دواتر سەرۆک بارزانی، هەنگوینی کوردستانی پێشکەشی سەرۆکی شارەوانی پاریس کرد و گوتی: ئەمە باشترین هەنگوینی کوردستانە، سەرۆکی شارەوانی پاریسیش بە دیارییەکەی سەرۆک بارزانی سەرسام بوو، گوتی: من عاشقی کوردستانم، لەوە دەچێت ئەو هەنگوینە هی شاخەکانی ناوچەی بارزان بێت، سەرۆک بارزانیش وەڵامی دایەوە و گوتی: نەخێر، ئەوە هەنگوێنی کوردستانە.