ئەمەریکا سزای بەسەر سێ ڕێکخراوی مرۆیی فەڵەستینی سەپاند

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو سزای بەسەر ژمارەیەک دادوەری دادگای تاوانی نێودەوڵەتییدا سەپاندبوو، ئەم جارە سێ ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی فەڵەستینی کراونەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سزایان بەسەر سێ ڕێکخراوی هاوکاری مرۆیی فەڵەستیندا سەپاندووە، بەهۆی ئەوەی داوایان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە بە تۆمەتی ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە لێکۆڵینەوەی لە ئیسرائیل بکەن.
ئەو سێ ڕێکخراوە لە لیستی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکادان پێکهاتوون لە، ناوەندی فەلەستینی بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە غەززەیە و ناوەندی مێزان بۆ مافەکانی مرۆڤ، هەروەها ڕێکخراوی حەق کە بنکەکەی لە ڕەمەڵڵایە. خراونەتە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆیتەرز، ئەو سێ ڕێکخراوە لە ساڵی 2023 داوایان لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد لە بەرانبەر هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەیەکی هاووڵاتییان لێکۆڵینەوە لە ئیسرائیل بکات.
دوای ساڵێک دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بڕیاری دەستگیری کردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل و یۆڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئەو کاتی ئیسرائیل دەرکرد.
ڕۆژی چوارشەممە 20ی ئابی 2025، ئەمەریکا سزای بەسەر چوار دادوەر و داواکاری گشتیی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیدا سەپاند، کە لەنێویاندا دادەوەری فەرەنسا و کەنەدا هەبوون، ئەمەش وەک هەوڵێکە بۆ ڕێگریکردن لە کارەکانی دادگاکە، بە تایبەتی لەسەر ئەو هەنگاوانەی دژی ئیسرائیل گرتوویەتییە بەر.
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەو بارەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دابوو، دادگاکە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی و بووەتە ئامرازێک بۆ شەڕی یاسایی دژی ئەمەریکا و هاوپەیمانە نزیکەکەمان، ئیسرائیل.
باسی لەوەش کردبوو، چوار دادوەر کراونەتە ئامانج، کە هەوڵیان داوە بەبێ ڕەزامەندی لێکۆڵینەوە لە هاووڵاتییانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بکەن یان دادگاییان بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەو بارەوە بڵاوی کردبووە، یەکێک لەو چوار دادوەرە، نیکۆلاس گیلۆی فەرەنسییە، کە سەرپەرشتی دۆسیەیەک دەکات کە تێیدا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەرچووە.