حزبوڵڵا: بەبێ کشانەوەی ئیسرائیل، پلانی سوپای لوبنان سەرناگرێت

بەرپرسیکی حزبوڵڵای لوبنان، بڕیاری کۆبوونەوەی حکوومەتی لوبنانی سەبارەت بە بەستنەوەی پلانی قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بە کشانەوەی ئیسرائیل لە خاکی لوبنان، بە گونجاو لە قەڵەم دا.

شەممە، 6ـی ئەیلوولی 2025، مەحموود قوماتی، بەرپرسێکی دیاری حزبوڵڵا، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: حزبوڵڵا ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی هەینیی کابینەی حکوومەتی لوبنان، بە گەڕانەوە بۆ عەقڵ و حیکمەت دەزانێت؛ چونکە بەبێ کشانەوەی تەواوەتی ئیسرائیل لە سەرجەم خاکی لوبنان و ڕاگرتنی کردە سەربازییەکانی لە خاکی لوبناندا، چەکداماڵینی حزبوڵڵا مەحاڵە. 

قوماتی هەروا گوتی: ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت حکوومەتی لوبنان، پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵا تا کاتێکی نادیار ڕابگرێت.

حکوومەتی لوبنان، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی هەینیدا، پێشوازیی لە پلانێکی سوپا بۆ چەککردنی حزبوڵڵا کرد، بە مەرجێک هێزەکانی ئیسرائیل لە سەرجەم خاکی لوبنان بە تەواوەتی بکشێنەوە. لەو پلانەدا، سوپای لوبنان کاتێکی دیاریکراوی بۆ چەککردنی حزبوڵڵا دیاری نەکردووە و ڕایگەیاندووە توانای سوپا بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە، سنووردارە.


پۆل مۆرکۆس، وەزیری ڕاگەیاندنی لوبنان، پاش کۆبوونەوەکە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند "بەردەوامیی کردە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، ڕێگرە لەوەی سوپای لوبنان، پلانەکەی بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا جێبەجێ بکات." 


مانگی ڕابردوو، حکوومەتی لوبنان، داوای لە سوپا کرد کە پلانێک بۆ  قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا دابڕێژێت. لە هەمان کاتدا، نەخشەڕێگەیەکی ئەمەریکی پەسەند کرد کە ئامانجی بێچەککردنی حزبوڵڵا بوو لە بەرامبەر وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لوبنان، بەڵام ئاماژەی بە کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان نەکردبوو.

قوماتی ڕایگەیاند "حزبوڵڵا بەبێ دوودڵی ئەو پلانە ئەمەریکییەی ڕەت کردەوە و چاوەڕێی ئەوە دەکات حکوومەتی لوبنان ستراتیجییەکی بەرگریی نیشتمانی دابڕێژێت."

هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل، ڕایگەیاند "ئامادەیە ئاستی سەربازیی خۆی لە باشووری لوبنان کەم بکاتەوە، ئەگەر سوپای لوبنان هەنگاوی جددی  بۆچەککردنی حزبوڵڵا بنێت." بەڵام لە ڕووی کردەییەوە هیچ ئاماژەیەکی ئەرێیی لەو بارەیەوە نەبینراوە و ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، چوار کەس کوژران.

حکوومەتی لوبنان لەلایەن ئەمەریکا، سعوودیە و ڕکابەرە ناوخۆییەکانی حزبوڵڵاوە لەژێر فشاردایە بۆ چەککردنی گرووپەکە. بەڵام حزبوڵڵا دەڵێت "تەنانەت باسکردنی چەککردنی ئێمە هەڵەیەکی گەورەیە، تا ئەو کاتەی ئیسرائیل لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوام بێت و لە باشووری وڵاتەکەمان نەکشێتەوە."

 
 
Fly Erbil Advertisment