سوهەیب مەسعوود: سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئیمارات دەروازەیەکە بۆ قۆناغێکی نوێی وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژیا
بەڕێوەبەری کارگێڕیی گرووپی لوما ڤێنچەرس بۆ وەبەرهێنان ڕایدەگەیەنێت، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات لە کاتێکی هەستیاردایە و دەرخەری ئامادەیی کوردستانە بۆ چوونە نێو قۆناغێکی نوێی وەرچەرخانی ئابووری.
سوهەیب مەسعوود، بەڕێوەبەری کارگێڕیی گرووپی لوما ڤێنچەرس لەبارەی گرنگیی سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیمارات بە کوردستان24ی ڕایگەیاند: سەردانەکە بۆ هەر دوو لا لە ساتێکی گرنگ بوو، چونکە کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێوە؛ قۆناغێک کە تێیدا مۆدێرنکردن، وەبەرهێنان و فرەچەشنکردنی ئابووری بووەتە کاری لە پێشینەی نیشتمانی.
ئاماژەی بەوە کرد، ئیمارات لە بوارە جیاوازەکاندا یەکێکە لە وڵاتە پێشەنگەکانی جیهان و لە ئێستاشدا هەوڵی فراوانکردنی هاوبەشییەکانی دەدات لە تەواوی ناوچەکە، بۆیە هەرێمی کوردستانیش چاوی لەوەیە هاوبەشیی لەگەڵ وڵاتێکی لەم جۆرە هەبێت.
سەبارەت بە سروشتی پەیوەندییەکانی هەولێر و ئەبووزەبی، سوهەیب مەسعوود گوتی: پەیوەندییەکانی ئیمارات و هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێز و بەرژەوەندیی هاوبەشن؛ ئیمارات هەمیشە کوردستانی وەک هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە عێراق و لە ناوچەکە بینیوەتەوە.
بەڕێوەبەری گرووپی لوما ڤێنچەرس جەختی کردەوە ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیران ئاماژەیە بۆ کردنەوەی دەرگای وەبەرهێنان و هاوکاریکردنی ئەو گۆڕانکارییەی لە کوردستان دەستی پێکردووە، هەروەها نیشانەی ئەوەیە "کوردستان ئامادەیە بۆ چوونەناو قۆناغێکی نوێ لە وەرچەرخانی ئابووری و تەکنۆلۆژی."
ئێوارەی پێنجشەممە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی، گەیشتە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات و لەلایەن سەعید ئەلهاجری وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات پێشوازی لێکرا.
