بۆ یەکەمجار باڵەخانەی سەرەکیی حکوومەت لە کیێڤ بۆمباران کرا

یولیا سویریدێنکۆم،  سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، باڵەخانەی سەرەکیی حکوومەت لە کیێڤ، بۆ یەکەمجار لە ماوەی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، بۆمباران کراوە.

یەکشەممە، 7ـی ئەیلوول 2025، ماڵپەڕی بی بی سی، لە زاری یولیا سویریدێنکۆم، سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیا، بڵاوی کردەوە "بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕووسیا بە درۆن و مووشەک، هێرشی کردووەتە سەر باڵەخانەکە و بنمیچ و نهۆمەکانی سەرەوەی زیانیان بەرکەوتووە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن."

باڵەخانەکە، کە بارەگای سەرەکیی سەرۆکایەتیی وەزیرانی لێیە، لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانەوە نزیکە. هەر چەند ڕێگە  بی بی سی نەدرا لە باڵەخانە پێکراوەکە نزیک ببێتەوە، بەڵام چەندان هێلیکۆپتەر دەبینران کە لە ئاسمانەوە ئاویان بەسەر باڵەخانەکەدا دەڕشت و دووکەڵێکی زۆریش ئاسمانی شارەکەی تەنیوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ڕووسیا بە زیاتر لە 800 درۆن و مووشەک هێرشێکی فراوانی کردووەتە سەر چەندان  ناوچەی ئۆکرانیا و نۆ مووشەک و 56 درۆن 37 شوێنی جیاوازی کیێڤیان پێکاوە.

شرۆڤەکاران لایانوایە ئەم هێرشە، وەرچەرخانێکی نوێیە لە شێوازی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، چونکە پێشتر هیچ باڵەخانەیەکی حکوومەتی بەم شێوەیە هێرشی نەکراوەتە سەر. جگە لەوەش ناوەندی شاری کیێڤ زۆر بە توندی پارێزراوە.

دەسەڵاتی خۆجێی کیێڤ ڕایگەیاند، مووشەکێکی ڕووسیا بەر باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی نۆ نهۆمی لە ناوچەی سویاتۆشینسکی لە کیێڤ کەوتووە و لە ئەنجامدا منداڵێکی ساوا و ئافرەتێکی گەنج  کوژراون.

ئیڤان فێدۆرۆڤ، سەرۆکی ئیدارەی زاپۆریژیا ڕایگەیاند "ڕووسیا بە مووشەک و درۆن، چەندان باڵەخانەی نیشتەجێبوون و باخچەیەکی ساوایانی لە شاری زاپۆریژیا پێکاوە و لەئەنجامدا 17 کەس بریندار بوونە."

هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا هەروا ڕایگەیاند "هێرشەکەی ئەم بەیانییەی ڕووسیا، شارۆچکەی کریڤی ڕی، زێدی سەرۆک ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە ناوەڕاستی ئۆکرانیا، گرتووەتەوە." بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە ئایا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ کەوتووەتەوە یان نا.

 
 
Fly Erbil Advertisment