بەرهەمی تەماتەی پێنجوێن ڕەوانەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت

وەرزی چنینەوەی بەرهەمی تەماتەیە لە دەشتی پێنجوێن و ئەمساڵ هەزاران دۆنم زەوی بە تەماتە چێنراوە، کریارانیش لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوونەتە عەلوەی پێنجوێن بۆئەوەی ڕاستەوخۆ بەرهەمەکە بکڕن و بیگوازنەوە بۆ شارەکانی خۆیان.
عومەر، بەتامەزرۆییەوە بەرهەمی ئەمساڵی دەچنێتەوە و دەیان دۆنم زەوی لە دەشتی پێنجوێنی بە تەماتە چاندووە، باس لە جۆرەکانی دەکات و دەنگۆی بەکارهێنانی کیمیایی و مادە زیانبەخشەکان بۆ بەرهەمەکانی پێنجوێنیش بە درۆ دەخاتەوە.
عومەر مەحموود، جووتیار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەیان دۆنم زەوی بە تەماتە چاندووە، ڕۆژانە کرێکارێکی زۆر لە هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دێنە پێنجوێن بۆ کارکردن، پێنج بۆ شەش جۆر تەماتە لەپینجوێن دەچێنرێت و ماددەی زیانبەخش و کیمایی بەکارنایەت بۆ بەرهەمەکانی پێنجوێن مەگەر کەسێک لەنەزان و بێ مەبەست ئەوە بکات.
دوای چنینەوەی بەرهەمەکە و تەواوبوونیان، کرێکارەکان لەسەر کێڵگەکە پشوویەک دەدەن، دواتر بارهەڵگرەکان دێنە سەر کێڵگەکە و بەرهەمەکە دەکرێتە سندووق و دەیگوازنەوە بۆ فرۆشتن و بەبازار کردن.
عەلوەی پێنجوێن بۆ جووتیارانی دەڤەرەکە ڕێگەیەكە تێیدا بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە و کڕیارەکانی ناوخۆ وناوەڕاست و خوارووی عێراق بەرهەمەکان بە نرخێکی گونجاو دەکڕن و دەیانگوازنەوە ناوچەكانیان.
کڕیار لەگەڵ جووتیار، گەرمەی سەودا و مامەڵەیانە لەسەر تەماتە، هەر کیلۆیەک بە 500 بۆ 600 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت، لە عەلوەی پێنجوێن بەسەدان بارهەڵگر و شۆفێر و کریار چاوەروانی بەرهەمی جووتیارانن و زۆرینەیان کڕیاری عەرەبن و خۆیان باس لە دۆخەکە دەکەن.
حازم ئیسماعیل گوتی: خەڵکی عێراق تەماتەکەیان زۆر بەدڵە و دەڵێن زۆر جوان و خۆشە، تەماتەکە ئەوەندە زۆرە بەشی هەموو عێراق دەکات ئەگەر جووتیارەکان بەخێراتر بیچننەوە.
ناسر محەممەد کڕیارێکی دیکەیە و دەڵێت: تەماتەیەکی ژمارە یەکە و بەشی هەموو عێراق و کوردستان دەکات، بەڵام بەداخەوە لە دەروازەکانەوە تەماتەی ئێرانی بەقاچاخ دێتە ناوەوە و ئەمەش زیانی داوە لە بەرهەمەکە، ئێمە سێ مانگ دەمێنینەوە لێرە بۆ کار و کاسبی خۆمان و بەرهەمەکانی پێنجوین دەبەینەوە ناوەڕاست و خوارووی عێراق..
ساڵانە لە پێنجوێن لە کۆتای مانگی ئایارەوە بەرهەمی تەماتە دەچێنرێن، لەسەرەتای مانگی تەممووز دەست بە چنینەوەی دەکرێت تا ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم، شارۆچکەی پێنجوێن نزیکەی 100 کیلۆمەتر لە پارێزگای سلێمانییەوە دوورە و پێکھاتووە لە سێ شارەدێ و 188 گوند، دەشتەکەشی خاوەنی زیاتر لە 81 هەزار دۆنم زەویی گونجاوە بۆ کشتوکاڵ و بەشێکە لە سەبەتەی خۆراکی هەرێم و عێراق.