هەردی خدر: 20 هەزار ئاوارە ماون قەرەبوو بکرێنەوە

یەکێک لە کێشەکانی ماددەی 140 لە پارێزگای نەینەوا ئەوەبوو لە ساڵی 2014ەوە، نووسینگەی ماددەی 140 بەهۆی شەڕی داعش داخرا، ئێستا نزیکەی دوو مانگە دووبارە نووسینگەکە کراوەتەوە و دەستی بە کارەکانی کردووەتەوە، کە تا ئێستا 175 چەکی قەرەبوو بەسەر هاووڵاتییان دابەش کراوە.
لەمبارەیەوە، هەردی خدر، بەرێوەبەری نووسینگەی ماددەی 140 لە پارێزگای نەینەوا، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، کە لەساڵی 2014ەوە نووسینگەی ماددەی 140 داخرا بوو، بەڵام لە مانگی 4ـی ئەمساڵ بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران جارێکی دیکە نووسینگەی ماددەی 140 لە نەینەوا کرایەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا توانیومانە 175 خیزانی ئاوارە بە بڕی 10 ملیۆن دینار قەرەبوو بکەینەوە، دەشڵێت: زیاتر لە 50 هەزار کەس مامەڵەی قەرەبووی پێشکەش کردبوو، نزیکەی 30 هەزار کەس وەری گرتووە بەڵام هێشتا 20 هەزار کەس ماوە، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ڕەنگە دوو وەجبەی دیکەی قەرەبوو دابەش بکەین. گوتیشی: ئەو 175 خیزانەی قەرەبوویان وەرگرت، خێزانە ئاوارە کوردەکان بوون،
هەردی خدر ڕوونیشی کردەوە، لەبەر ئەوەی لە 2014ەوە نووسینگەی نەینەوا داخرابوو، ئەبێت لە قەرەبووکردنەوە پشکی شێر بۆ ئێمە بێت، دەشڵێت: ئێمە لە ئامادەکردنی دۆسیەکان هەندێک دواکەوتووین چونکە زۆرێک لە دۆسیەکان لە شەڕی داعش نەماوە و سووتاوە. هەروەها پێشبینی دەکەین تاوەکوو سەری ساڵ بەشێکی باشترمان بۆ دابین بکرێت.