ڕێباز حەملان: لە هەوڵداین پێش هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین

یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەغدا بەنیازە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی هەشت بنێرێت، ئەمەش ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت. کاریشدەکەین پێش هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: حکوومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بە عێراق جێبەجێ کردووە، یەک خاڵیش نەماوە هەرێم جێبەجێی نەکردبێت.
گوتیشی: لەسەرەتای مانگی 10 دوای هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دابوو مووچەی مانگی ئاب (8) بنێرێت، بەڵام بەداخەوە پێوە پابەند نەبوون، دەشڵێت: بەنیازن هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی هەشت بنێرن، بەڵام ئەمە ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان دەکرێت.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوتبوو، ئێمە هەموو پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێکردووە، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو مووچەکانی ئەمساڵی هەرێمی کوردستان کە ماوەتەوە بۆمان خەرجبکەن، سەرۆک وەزیرانی عێراقیش بەڵێنی دابوو پابەند بن.
دەشلێت: چەند ڕۆژێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەچڕی لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردن دوو مووچە دابەش بکەین.