سوودانی بەرەو برۆکسل بەڕێ کەوت

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرەو برۆکسل بەرێ کەوت و گوتارێک لە بەردەم ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی پێشکەش دەکات.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، محەممەد شیاع سوودانی، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی مارک ڕووتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، بەمەبەستی پێشکەشکردنی گوتارێک لە بەردەم ئەنجوومەنی باکووری ئەتڵەسی، بەرەو برۆکسل بەڕێ کەوت.

ڕۆژی یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای حکوومەتی عێراقەوە ڕایگەیاندم لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکاوە فەرمانکراوە بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە هەردوو سەربازگەی عەین ئەسەد و ڤیکتۆریا، کە سەربازەکانی قۆناغ بە قۆناغ دەکشێنتەوە. 

گوتیشی: لەو دوو سەربازگەیە هێزەکانی ئەمەریکا بەشێکیان کشاونەتەوە و لەماوەی چەند ڕۆژێکدا، ئەو دوو سەربازگەیە بەتەواوی چۆڵ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کردبوو، لە سەربازگەی عەین ئەسەد، نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکی لێبووە و لەنێو سەربازگەی ڤیکتۆریاش کە لەنێو فرۆکەخانەی بەغدایە ژمارەیەک سەربازی دیکەی لێیە. 

ڕۆژی یەکشەممە، 17ـی ئابی 2025، حوسێن عەلاوی، ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند "حکوومەتی عێراق پابەندە بە کارنامە حکوومییەکەیەوە لە ڕێگەی بنیادنانی هێزە چەکدارەکان و کۆتاییهێنان بە ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و گواستنەوەی پەیوەندییە ئەمنییەکان لەگەڵیاندا، بۆ پەیوەندییەکی بەرگریی دووقۆڵیی سەقامگیر، کە لەژێر ڕۆشنایی پەیوەندییە سیاسی و ئابووری و ڕۆشنبیرییەکاندا بەڕێوە دەچێت."

عەلاوی گوتی: عێراق لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا گەیشتە ڕێککەوتنێک، دەربارەی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان بە گوێرەی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو لە ساڵانی 2025 و 2026 دا. ئەم ڕێککەوتنەش، ئەرکی  هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەغدا و بنکەی عەین ئەسەد، لە ئەیلوولی 2025 کۆتایی پێ دەهێنێت، قۆناغی نوێی هاریکاریی ئەمنی لە بواری ڕاوێژکاریی و بنیادنانی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دەست پێ دەکات.

ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: ئەرکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەیلوولی 2026 کۆتاییان دێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment