سیامەند قادر: حکوومەتی عێراق بە بیانووی جۆراوجۆر مامەڵەی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان دوادەخات

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند، پڕۆسەی نوێکردنەوەی پسوولەی خۆراک کە لە 5ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەستی پێکرد و بڕیار بوو تا 5ـی تەممووزی 2025 بەردەوام بێت و دواتر تا 2ـی ئەیلوولی 2025 درێژکرایەوە، لەو بەروارەدا ڕاوەستاوە.
سیامەند قادر، ئاماژەی بەوەدا، ئێستا چاوەڕوانی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمن، کە تایبەتە بە جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان وەک تۆمارکردنی ناوی نوێ، سڕینەوە و گواستنەوەی پسوولە.
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی هەولێر جەختی لەوە کردەوە، دەستپێکردنەوەی مامەڵەکانی پسوولەی خۆراک لە دەسەڵاتی بەغدایە و حکوومەتی ناوەندیش بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات. "بڕیار بوو لەدوای 2ـی ئەیلوول ڕاستەوخۆ مامەڵەکانی هاووڵاتییان دەست پێبکات، بەڵام لە بڕیارەکەیان پاشگەز بوونەوە و ئێمە هیچ دەسەڵاتێکمان بەسەرییەوە نییە."
سیامەند قادر، باسی لەوەشکرد، تا ئێستا ئەم خزمەتگوزارییە بەردەست نەکراوە بۆ هاووڵاتییان، بە بیانووی بوونی هەندێک کێشەی تەکنیکی لە شارەکانی موسڵ، کەربەلا و بەسڕا. "دەڵێن هەندێک کێشەی تەکنیکیمان هەیە لەو سێ شارە و تا ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن، دەست پێناکرینەوە."
بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق وادەیەکی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی مامەڵەکان نادات و تەنیا بەڵێنەکانی دوادەخات. "هەندێکجار دەڵێت هەفتەیەک یان مانگێکی دیکە، بەڵام خاوەن بەڵێنی خۆیان نین کە کەی دەست دەکرێتەوە بە مامەڵەی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان."