بەرگریی کۆریای باشوور: لە ئامادە باشیداین بۆ هەر دۆخێکی کتوپڕ

چوارشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆریای باشوور ڕایگەیاند، ناڕەزایەتییەکی توندی گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی ڕووسیا و چین، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاندبوو کە حەوت فڕۆکەی سەربازیی ڕووسی و دوو فڕۆکەی سەربازیی چینی چوونەتە نێو ناوچەی بەرگریی ئاسمانییەکەیەوە.

وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ڕوونی کردەوە، ناڕەزایەتییەکە ئاراستەی پاشکۆ (ملحق)ـە سەربازییەکانی هەردوو وڵات لە سیئۆل کراوە.

لی کوانگ سووک، بەرپرسی کاروباری نێودەوڵەتی لە وەزارەتەکە گوتی: سوپاکەمان بە پشت بەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبێت لە بەرپەرچدانەوەی جوڵەی فڕۆکەوانیی وڵاتانی دراوسێ لەنێو ناوچەی دیاریکردنی بەرگریی ئاسمانیی کۆریای باشوور.

لی کوانگ، دوای ئەوەی حەوت فڕۆکەی ڕووسی و دوو فڕۆکەی چینی چوونە نێو ناوچەی بەرگریی ئاسمانیەوە، ئامادەیی هێزە ئاسمانییەکەی ڕاگەیاند بۆ هەر دۆخێکی کتوپڕ.

بەڵام دەستەی ئەرکانی هاوبەش لە سیئۆل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، فڕۆکە ڕووسی و چینییەکان ئاسمانی کۆریای باشووریان نەبەزاندووە.

لە بەرانبەردا، بەیژین و مۆسکۆ باسیان لە ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش کرد کە بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا، "بۆمبهاوێژە ستراتیجییەکان" تێیدا بەشدار بوون.

لە ساڵی 2019وە، بەیژین و مۆسکۆ بە شێوەیەکی بەردەوام فڕۆکەی سەربازی دەنێرنە نێو ناوچەی بەرگریی ئاسمانیی کۆریای باشوور و وەک مانۆڕی هاوبەش ناوی دەبەن.

دوایین ڕووداوی لەم جۆرە، دەگەڕێتەوە بۆ تشرینی دووەمی 2024، کە بە  گوێرەی سیئۆل، پێنج فڕۆکەی چینی و شەش فڕۆکەی ڕووسی تیایدا بەشدار بوون.

چین و ڕووسیا، کە دوو هاوپەیمانی دێرینی کۆریای باکوورن، لە دوای داگیرکاریی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە، هەماهەنگییە سەربازییەکانیان بەهێزتر کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل