سێیەکی دانیشتوانی عێراق بێبەشن لە خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک

فەرمانگەی ئاماری ژینگەیی عێراق، ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2024دا، سێیەکی دانیشتوانی عێراق خزمەتگوزاریی کۆکردنەوە و گواستنەوەی خۆڵ و خاشاکیان پێنەگەیشتووە.

بەپێی ئامارێکی فەرمانگەکە کە 'ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، بلاویکردووەتەوە، "ڕێژەی ئەوانەی خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکیان پێگەیشتووە لەسەر ئاستی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2024دا، گەیشتووەتە 69%"، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە نزیکەی سێیەکی دانیشتوان لەم خزمەتگوزارییە بێبەشن.

فەرمانگەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرزترین ڕێژەی دانیشتوانی شار کە خزمەتگوزارییەکەیان پێگەیشتووە لە پارێزگاکانی کەرکووک و زیقار بووە بە ڕێژەی 100%، لە بەرامبەردا کەمترین خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی شار لە پارێزگای سەلاحەدین تۆمار کراوە کە ڕێژەکەی تەنیان 66.1% بووە.

سەبارەت بە شوێنەکانی کۆکردنەوە، فەرمانگەکە ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی شوێنە کاتییەکانی کۆکردنەوەی پاشماوەکان ڕەزامەندیی ژینگەییان نییە و دووپاتی کردەوە: "86 شوێنی گواستنەوەی ناڕێکخراو (کاتی) بوونیان هەیە، کە تەنیا سێ شوێن خاوەنی ڕەزامەندیی ژینگەیین".

لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەدا هاتووە: "ژمارەی کارگەکانی جیاکردنەوە و ریسایکلینی خۆڵ و خاشاک تەنیا چوار کارگەیە؛ دووانیان لە قۆناغی دروستکردندان، یەکێکیان دەکەوێتە دەوروبەری بەغدا و کار دەکات بەڵام ڕۆژانە کەمتر لە یەک تۆن ریسایکلین دەکات، ئەوەی دیکەشیان لە زیقارە و لە ئێستادا لەکار کەوتووە."

کێشەی خۆڵ و خاشاک لە زۆربەی شارەکانی عێراق بە یەکێک لە ئاڵۆزترین کێشەکان دادەنرێت، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ پشت بەستنی دامەزراوە حکوومییەکان بە ڕێگە و شێوازی کۆن بۆ کۆکردنەوەیان، سەرەڕای ئەوەی خزمەتگوزارییەکان زۆربەی ناوچەکانی عێراق ناگرێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل