بەرپرسی نەوت و کانزاکان: لە هەشت مانگی ڕابردووەوە 230 بەنزینخانە سەرپێچیان کردووە

ئەمڕۆ دووشەممە، 8ـی ئەیلوولی 2025، سالار محەممەد، بەرپرسی نەوت و کانزاکانی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی نزیکبوونەوەی وەرزی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، لیژنەکانیان دەستیان بە پشکنینی بەردەوامی بەنزینخانەکان کردووە لە سەرانسەری هەرێم.

سالار محەممەد ئاماژەی بەوەدا، مەبەست لەم بەدواداچوونانە پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێلەکانیانە لە مەترسییەکانی گڕگرتن یان زیانگەیاندن بە بزوێنەری ئۆتۆمبێل بەهۆی خراپی کوالێتی بەنزینەوە.

بەرپرسی نەوت و کانزاکان ڕوونیشی کردەوە، تەنیا لە سنووری هەولێر ڕۆژانە زیاتر لە 50 بەنزینخانە بەسەر دەکەنەوە بۆ پشکنین. بەگوێرەی لێدوانەکەی محەممەد، بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ڕێژەی سەرپێچییەکانی بەنزینخانەکان زۆر کەمیکردووە و ئێستا بەشێکی زۆری بەنزینخانەکان پابەندن بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

سالار محەممەد ژمارەی ئامارەکانی هەشت مانگی ڕابردووی خستەڕوو و ڕایگەیاند: "لە هەشت مانگی ڕابردوودا زیاتر لە سێ هەزار بەنزینخانەمان بەسەر کردووەتەوە و 230 بەنزینخانە سزای پێبژاردنیان بۆ دانراوە بەهۆی گۆڕینی کوالێتی بەنزین، هەروەها ئەوانەشی سەرپێچییان کردووە، پێیان داخراوە." گوتیشی: ئەو بەنزینخانانەی سزا دراون، دووبارە بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ دەکرێت و ئەگەر سەرپێچی بکەنەوە، بە یەکجاری دادەخرێن.

سەبارەت بە بڕی سزا داراییەکان، محەممەد دەڵێت: سزای ئەو بەنزینخانانەی سەرپێچییان کردووە لە 380 ملیۆن دینارەوە دەستی پێکردووە.

لەکۆتاییدا، بەرپرسی نەوت و کانزاکان ئاماژەی بەوەدا، ئێستا لە هەولێر بە ڕێژەی نزیکەی 8% بۆ 10%ی بەنزینخانەکان کوالێتی بەنزینەکەیان خراپ بووە، بەڵام ئەم ڕێژەیە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر کەمیکردووە. جەختی لەوەش کردەوە، ئێستا 90% بۆ 92%ی بەنزینخانەکان کوالێتی و جۆری بەنزینەکەیان باشە.

 

 
 
 

Fly Erbil Advertisment