دەستەی دەستپاکی: زیاتر لە 17 ملیۆن دۆلار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە

 دووشەممە،8ـی کانوونی یەکەم 2025، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگەیاند؛ لە ماوەی ڕابردوودا بڕی 17 ملیۆن و 438 هەزار و 620 دۆلاری لە پارەی گەندەڵی گەڕاندووەتەوە.

دەستەکە، ڕوونیشی کردەوە، پرۆسەی گەڕاندنەوەکە لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری و دەزگا چاودێرییەکان و پەیوەندیی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، بەگوێرەی ڕێککەوتن و یاسا کارپێکراوەکان جێبەجێ کراوە.

دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە "فەرمانگەی گەڕاندنەوە (دائرة الاسترداد) هاوکارییەکانی خۆی لەگەڵ تۆڕی ئۆپەراسیۆنی جیهانی بۆ دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردنی یاسا فراوانتر کردووە. ئەمەش بە ئامانجی پاڵپشتیی لە ئاڵوگۆڕی زانیارییەکانی پەیوەست بە گەندەڵی، سپیکردنەوەی پارە و کەسانی داواکراو لەلایەن دادگاوە، هەروەها بە مەبەستی خێراکردنی ڕێکارەکانی بەدواداچوونی نێودەوڵەتی و گەڕاندنەوەی پارەکان."

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە "تۆڕێکی پارێزراو لەسەر پلاتفۆرمی (goAML)ی تایبەت بە نووسینگەی ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر کراوەتەوە، بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەدواداچوونی جووڵە داراییە گوماناوییەکان لە دەرەوەی عێراق و ئاسانکاریکردنی هاوکاریی نێودەوڵەتی لە دۆسیە داراییەکانی پەیوەست بە گەندەڵی. سەرەڕای ئەوەش، تۆڕێکی تایبەت لەناو پۆرتاڵی ئەلیکترۆنیی ئوور (Ur) کراوەتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاریی پەیوەست بەو پارە و کەسانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا داواکراون."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، دەستەکە دەستی کردووە بە بەکارهێنانی سیستەمی پاڵپشتیی ئەلیکترۆنی (Icass)ی وەزارەتی دەرەوە، ڕێگە بە دەستەکە دەدات دەستی بەو داتایانە بگات کە لە سیستەمەکەدا تۆمار کراون سەبارەت بە هاووڵاتیانی عێراقیی نیشتەجێی دەرەوە. ئەم هەنگاوە بۆ بەرزکردنەوەی توانای بەدواداچوونی کەسانی داواکراو و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و کارگێڕیی پێویستە بە وردی و کاریگەری. هەروەها ئاماژە بە "کردنەوەی تۆڕێکی دەستڕاگەیشتنی ڕاستەوخۆ بۆ بنکەدراوە و زانیارییەکانی پەیوەست بە دۆسیەکانی دژە گەندەڵی" کراوە، کە تواناکانی دەزگاکە بەهێز دەکات بۆ بەدواداچوونی کەسانی داواکراو و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان و کەمکردنەوەی کاتی پێویست بۆ دەستگەیشتن بە زانیارییەکان.

هەروەها دەستەکە "دەستی کردووە بە هاوکاریی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نیشتەجێبوون بۆ بەرزکردنەوەی کارایی بەدواداچوونی دۆسیەکان، بەدیهێنانی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. ئەم هاوکارییە، بووەتە هۆی کردنەوەی تۆڕێک کە ڕێگە بە لێکۆڵینەوەی خێرا دەدات سەبارەت بە داتای کەسانی داواکراو. جگە لەوەش، دەزگاکە دەستی کردووە بە کارپێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی (12N) بۆ پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی، بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر ناوی کەسانی داواکراو و هەڵاتوو، ئەمەش بەشداری لە خێراترکردنی مامەڵەکاندا دەکات".

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل