گەنجانی کفری وەڵامی هەوڵەکانی تەعریب بە نەخشاندنی ئاڵای کوردستان دەدەنەوە
لە دەڤەری گەرمیان و لە شارۆچکەی کفری، زیاتر لە 70 گەنجی خۆبەخش لە هەڵمەتێکدا ئاڵایەکی گەورەی کوردستانیان لەسەر بەنداوی باوەشاسوار نەخشاندوە. ئەم کارە وەک پەیامێکی ڕوون بۆ دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیی شارۆچکەکەیان و دژایەتیکردنی هەوڵەکانی تەعریب لە ناوچەکە دێت.
بەنداوی باوەشاسوار لە کفری، بە ئاڵایەکی گەورەی کوردستان ڕازێنراوەتەوە کە بەرهەمی ماندووبوونی چەندین هەفتەی گەنجانی خۆبەخشی شارەکەیە. ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ تەعریبکردن و دابڕاندنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی کفری، بەردەوامە.
کاروان تۆفیق، یەکێک لە گەنجە خۆبەخشەکان، بە کوردستان24ی گوت: ئەم کارە پەیامێکە بۆ ناحەزان و نزیکەی 70 گەنج بەشدار بووین و ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی خەریکین. ئەمە پەیامێکە بۆ ئەو کەسانەی دژی ئەم خاکەن. ئەم ئاڵایە ڕەمزی شارەکەمان، شەهیدان، ئەنفالکراوەکان و پێشمەرگەیە."
چالاکوانان ئاشکرای دەکەن کە پلانێک لە ئارادایە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە لە ڕێگەی گۆڕانکاریی ئیدارییەوە، وەک بە قەزاکردنی ناحیەی قەرەتەپە و لکاندنی چەند ناحیەیەکی دیکەی پێوە، کە مەبەست لێی دابڕاندنی کفرییە لە ئیدارەی گەرمیان.
ڕەئوف عومەر، چالاکوانێکی بەشداربوو لە هەڵمەتە، لەم بارەیەوە دەڵێت: "ئێمە ویستمان لە ڕێگەی ئەم ئاڵا بەرزکردنەوە، ئەو پلانانە پووچەڵ بکەینەوە کە دەیانەوێت کفری لە ڕووی ئیدارییەوە داببڕن و تەعریبی بکەن. کاتێک دەبینین لە شوێنێکی وەک کەرکووک و خورماتوو سووکایەتی بە ئاڵاکەمان دەکرێت، زیاتر بەهاکەی دەزانین."
ئەم هەڵمەتەی گەنجانی کفری لە کاتێکدایە کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، هەوڵەکانی تەعریبکردن لە ناوچە کوردستانییەکان چڕتر بوونەتەوە. گەنجانیش بەم کارە جەخت لەسەر ناسنامەی کوردستانیی خۆیان و شارەکەیان دەکەنەوە و ڕایدەگەیەنن کە ڕێگە نادەن هیچ هێزێک زێدی باوباپیرانیان داگیر بکات.