بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕیسایکلکردنی ئاوی ئاوەڕۆ لە بازیان جێبەجێ دەکرێت

لە شارۆچکەی بازیان، ئاوی ئاوەڕۆ کە پێشتر دەڕژایە ژینگەوە و دەبووە هۆی پیسبوون، ئێستا لە ڕێگەی پڕۆژەیەکی نوێ و پێشکەوتووەوە پاک دەکرێتەوە و بۆ کاری کشتوکاڵی بەکاردەهێنرێتەوە. ئەم پڕۆژەیە، کە یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان دەکرێت و چارەسەرێکی ژینگەیی و ئابوورییە بۆ ناوچەکە.

پێشتر ئاوی ئاوەڕۆی بازیان بەبێ هیچ پاڵاوتنێک تێکەڵی خاک و ژینگەی ناوچەکە دەبوو، بەڵام ئەم پڕۆژە نوێیە کۆتایی بەو کێشەیە دەهێنێت. پڕۆژەکە وەک ئەزموونێکی تاقیکاری دەستی پێکردووە و پشت بە "ڕێگەچارەی سروشتی" دەبەستێت، کە تێیدا بەبێ بەکارهێنانی ئامێری ئاڵۆز و تەنیا لە ڕێگەی وزەی خۆر و سیستەمێکی سروشتییەوە ئاوەکە پاک دەکرێتەوە.

ئەم پڕۆژەیە لەژێر سەرپەرشتیی زانستیی زانکۆی سلێمانی و لەلایەن "بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP)"، بە هاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و بە پاڵپشتیی "دەزگای هاوکاریی گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی سویدی (SIDA)" جێبەجێ کراوە.

سەرەڕای گرنگیی پڕۆژەکە، کێشەی کەمیی کارمەند ڕووبەڕووی بووەتەوە. نەوزاد جەلال، سەرۆکی شارەوانیی بازیان، بە کوردستان24 گوت: "پێویست بوو ستافێکی ڕاهێنراومان هەبووایە بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە، بەڵام ئێستا بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە، بەڕێوەبردنی وەک پێویست نییە."

بەرپرسانی کشتوکاڵی بازیان هیواخوازن بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بتوانن سوود لە ئاوە پاککراوەکە وەربگرن بۆ ئاودێری. زانیار تۆفیق، بەرپرسی کشتوکاڵی بازیان ئاماژەی دا، "ئەگەر لە پشکنینەکاندا دەربکەوێت کە ئاوەکە گونجاوە، دەتوانین بۆ ئاودێریی زیاتر لە 300 خانووی پلاستیکی لە سنوورەکەماندا سوودی لێ وەربگرین."

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا ئەنجامی پشکنینەکان بۆ دڵنیابوون لە کوالێتیی ئاوەکە ئاشکرا بکرێت، تاوەکو بە شێوەیەکی فەرمی بۆ کاری کشتوکاڵی و ئاودانی سەوزایی شارۆچکەکە بەکاربهێنرێت.

 
Fly Erbil Advertisment