کەمال محەممەد: نەوت هەناردە بکرێتەوە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی کێشەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت چارەسەرکراوە و کۆمپانیاکان داوایانکردووە لەبری پارە بەشێک لە نەوت وەک حەقدەست وەربگرن و هەروەها کۆمپانیاکانی داوای دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانیان دەکەن و ئەمساڵیش نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکەین.

کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی ئەیلوولی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24، ڕایگەیاند: دۆسیەی نەوت دۆسیەیەکی ئاڵۆزە، زۆر خاڵی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر کراون، دیاریکردنی 16 دۆلار بۆ بەرهەمهێنانی نەوت وەک پێشینەیە نەک خەرجی کۆتایی.

کەمال محەممەد گوتی: کێشەی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت چارەسەرکراوە، ڕێککەوتن کراوە کۆمپانیایەکی بەریتانی خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت دیاریکراوە، هەروەها ئەو کۆمپانیانە داوایانکردووە لە بری پارە بەشێک لە نەوت وەک حەقدەستی وەربگرن، کۆمپانیاکان داوایانکردووە ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی بکرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانیان دەستەبەر بکرێت.

وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، دادگای کەرخ دانی بە یاساییبوونی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم ناوە، نەوتی هەرێم لە ڕێگەی سۆمەوە دەفرۆشرێت و سەرپەرشتی دەکات، هەروەها جەختیان لەوە کردەوە لە ئەگەری هەبوونی هەر کێشەیەک پێویستە دۆسیەکە بچێتە دادگایەکی نێودەوڵەتیی، نابێت یاسایی عێراقی لەم پرسە دا بڕیار بدات.

هەروەها باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکەین، لە کاتێکی زۆر نزیک بگەینە ڕێککەوتنی کۆتایی، تەنیا یەک خاڵ ماوە ڕێککەوتنی لەسەر بکرێت، ئەویش بابەتی دادگایەکی نێودەوڵەتییە لە کاتی هەبوونی هەر کێشەیەک، حکوومەتی عێراق هەنگاوی باشی ناوە بۆ ڕێککەوتن هەر کاتێک نەوت هەناردە بکرێتەوە کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت، چونکە داهاتی نا نەوتی بەراورد بە داهاتی نەوت کەمترە، پێویستە هاووڵاتییانیش بزانن پشکی هەرێم 70٪ی لە داهاتی نەوتی کوردستانەوە دابین دەکرێت.

ئەو وەزیرە دەشڵێت: گەشبینین لەوەی پرسی مەلەفی نەوت چارەسەر بکرێت، هەروەها تورکیا و عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت کێشەیان نییە، لەبارەی داهاتی نا نەوتی گومرگ و باج ڕێککەوتن کراوە، مووچە مافێکی فەرمانبەرانە و نابێت بکرێتە منەت، نزیکەی شەش مانگە نەوتمان ڕادەستکردووە، لە دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێک لە کۆمپانیاکان بەرهەمهێنانی نەوتیان ڕاگرت و بەشێکی دیکەیان کەمتریان بەرهەمهێنا.

کەمال محەممەد زیاتر گوتی: هەندێک لایەن هەن دەیانەوێت نێوان هەردوو حکوومەت تێکبدەن و بەربەست بۆ ڕێککەوتنی هەردوولا دروستبکەن، هەروەها لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە 60 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهنرێت، بەڵام ئێستا نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین، بەغدا گەرەنتی بداتە کۆمپانیاکان لە ماوەی 24 کاتژمێر هەناردەی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

وەزیری سامانە سروشتییەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمساڵیش نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکەین، دەربارەی پرۆژەی ڕووناکی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا 55٪ی هاوبەشانی کارەبا سوودمەندبوونە لەو پرۆژەی ڕووناکی، جددیەتی مەسرور بارزانی نەبوایە ئەم پرۆژەیە بەمشێوەیە خێرایە جێبەجێ نەدەکرا.

 

 
 

Fly Erbil Advertisment