ئیسرائیل دوا هۆشداری دەداتە حەماس

ئیسرائیل هۆشداریی دا ئەگەر حەماس بارمتەکان ئازاد نەکات و خۆی ڕادەست نەکات، ئەوا بە هێرشی ئاسمانی و زەمینی، وەک گەردەلوولێکی بەهێز ڕایان دەماڵێت.

سێشەممە، 9ـی ئەیلوول 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە " سوپای ئیسرائیل بە گرووپی چەکداریی فەڵەستینی 'حەماس'ی  ڕاگەیاند، ئەگەر بە زووترین کات چەک دانەنێت و 48 بارمتە ئیسرائیلییەکە ئازاد نەکات، بە هەڵمەتێکی گەردلوولئاسا، شارەکەیان بەسەردا وێران دەکات."

دوێنێ، دووشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا ڕایگەیاند "من بە دانیشتووانی شاری غەززە دەڵێم: بەزووترین کات لەوێ بڕۆنە دەرەوە!" 

ناتانیاهۆ گوتیشی: سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژانی ڕابردوودا 50 باڵەخانەی ڕووخاندووە کە چەکدارانی حەماس خۆیان تێیدا حەشار دابوو، ئەمەش وەک پێشەکییەک بۆ دەستپێکی هەڵمەتی زەمینی لە شارەکەدا.

یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی " گەردەلوولێکی بەهێز لە شاری غەززە هەڵدەکات و گشت بنکەکانی چەکداران دەهەژێنێت؛ ئەمە دوا هۆشدارییە بۆ چەکدارانی حەماس لە غەززە و هۆتێلە گرانبەهاکانی دەرەوە؛ بارمتەکان ئازاد بکەن و چەکەکانتان دابنێن! ئەگینا غەززە وێران دەکرێت و ئێوەش لەناو دەبرێن."

هەر دوێنی سوپای ئیسرائیل، باڵەخانەیەکی 12 نهۆمی لە ناوەڕاستی شاری غەززە بۆردوومان کرد کە دەیان خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بوون، ئەمەش سێ کاتژمێر دوای ئاگادارکردنەوەی دانیشتوانی باڵەخانەکە و ئەوانەی لە سەدان خێوەتی دەوروبەریدا نیشتەجێ بوون، ناوچەکە جێ بهێڵن.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "چەکدارانی حەماس باڵەخانەکەیان بۆ کاری تێکدەرانە و ‌هێرشکردنە سەر سوپای ئێسرائیل بەکار هێناوە."

شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، ڕۆژی دووشەممە لە دەوحە، بە جددی داوای لە سەرکردە سیاسییەکانی حەماس کردووە وەڵامی ئەرێنی بە نوێترین پێشنیازی ئەمەریکا بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە، بدەنەوە.

 

 

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment