چاندنی فستق زیادی کردووە؛ "کار بۆ هەناردەکردنی دەکەین"
چاندنی فستق لە هەرێمی کوردستان گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و پلانی هەناردەکردنیشی هەیە.
هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی گرنگی لە کەرتی کشتوکاڵدا ناوە بە پەرەپێدانی چاندنی فستق، بەتایبەتی لە سنووری ناحیەکانی شقڵاوە و هیران. ئەم بەرهەمە، کە پێشتر لە ناوچەکەدا دەگمەن بوو، ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی بەرهەمدان و ئامادەکاری بۆ بازاڕکردنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکرێت.
پڕۆژەی چاندنی فستق لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ەوە دەستیپێکردووە و دوای نزیکەی هەشت ساڵ لە چاندنی، بەرهەمەکەی پێگەیشتووە. سەرەتا، 12 هەزار دار فستق لەسەر ڕووبەری 70 دۆنم زەوی لە سنووری شقڵاوە و هیران چێندرا. پڕۆژەکە لە قۆناغی فراوانبووندایە و توانراوە ڕووبەری چێنراو بۆ 132 دۆنم و ژمارەی دارەکانی فستق بۆ زیاتر لە 10 هەزار دار زیاد بکرێت.
فەرهاد بەرزنجی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پڕۆژەکە، ڕایگەیاند: "سێ جۆر فستقمان چاندووە. نزیکەی هەشت ساڵ دەخایەنێت تا دارەکان دەگەنە بەرهەم، و خۆشبەختانە ئێستا بەرهەمی داوە." سەبارەت بە بازاڕکردن، بەرزنجی گوتی: "بازاڕی ناوخۆیی پێ پڕ دەکەین، و کار دەکەین بۆ هەناردەکردنیش. بە یارمەتی خوای گەورە لەمساڵەوە دەست بە فرۆشتنی دەکەین، بەڵام بە بڕێکی کەمتر،و ئینشەڵا بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر دەبێت."
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە دا "یەکەم جار کە دەستمان پێ کرد، فستق لە ناوچەکەدا نەبوو تا لێی قاڵب بگرین. ئێستا سوپاس بۆ خودا، بە زەحمەت و کۆششی زۆر توانراوە جۆرەکانی دیاری بکرێت و لە داهاتووشدا چاندن و بەرهەمهێنان ئاسانتر دەبێت."
نەبەز عەلی، بەڕێوەبەری ناحیەی هیران، جەختی لەسەر پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جووتیاران کردەوە و ڕایگەیاند، پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی یەکێکە لە ستراتیژییەتە سەرەکییەکانی حکوومەت، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم. ڕوونیشی کردەوە: "لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین بەرهەمی خۆماڵی هەناردەی دەرەوە کراوە و ئەم پڕۆژەی فستقەش هیوادارین ببێتە بەرهەمێکی تری خۆماڵی بە ناوی 'فستقی کوردستان' کە لە بازاڕەکاندا ناسراو دەبێت."
ئەم پڕۆژەیە نەک تەنها دابینکردنی فستقی ناوخۆیی دەکاتە ئامانج، بەڵکو بەهێزکردنی ئابووری ناوچەکە و دابینکردنی دەرفەتی کار بۆ جووتیاران بە گرنگ دەزانرێت، لەگەڵ بەهێزکردنی براندی فستقی کوردستان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.