کاردانەوەی وڵاتان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحە

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە گوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج، ئەمەش کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێ کەوتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد و گوتی: " ئاگاداری هێرشەکانی ئیسرائیلین بۆ سەر قەتەر، وڵاتێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان ڕۆڵێکی زۆر ئەرێنی دەگێڕێت
باسی لەوەش کرد، هێرشەکانی پێشێلکارییەکی ئاشکرایەی بۆ سەر سەروەری و یەکپارچەیی خاکی قەتەر، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی هەمیشەیی کار بکەن نەک لەناوبردنی".
تورکیا
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەندامانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر سەرکۆنە دەکات و ئەوەش نیشان دەدات کە ئیسرائیل "سیاسەتی فراوانخوازی لە ناوچەکە و تیرۆر پەیڕەو دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا هاتووە "بەئامانجکردنی شاندی دانوستانکاری حەماس لە کاتێکدا گفتوگۆکانی ئاگربەست بەردەوامە، ئەوە دەردەخات کە ئیسرائیل ئامانجی گەیشتن بە ئاشتی نییە، بەڵکوو دەیەوێت درێژە بە شەڕەکە بدات.
ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران ڕاگەیاندووە، "ئەم کارە لەڕادەبەدەر مەترسیدار و تاوانکارییە، هاوکات پێشێلکردنی سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی قەتەر، پێشێلکارییەکی گەورەیە بۆ سەرجەم یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان.
سعوودییە
ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سعوودییە بڵاوی کردەوە، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی وڵاتەکەی لەگەڵ تەمیم بن حەمەد سانی میری قەتەر قسەی کردووە و پشتیوانی خۆی بۆ قەتەری دووپات کردەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سعوودیە هێرشەکانی ئیسرائیل و پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری قەتەر بە توندی سەرکۆنە دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سعوودییە "هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆی لەگەڵ قەتەر دووپات دەکاتەوە و هەموو تواناکانی خۆی بۆ پشتیوانیکردن پیشان دەدات، هۆشداری دەدات هێرشەکانی بەردەوامەکانی ئیسرائیل و پێشێلکارییە ئاشکراکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرەو ئەنجامێکی خراپمان دەبات.
عێراق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) کەوتووە، ڕایگەیاند: بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دەکات و بە کارێکی ترسنۆکانەی دەزانێت، و پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری و خاکی قەتەرە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیرییەکەیە ناوچەکە."
وەزارەتەکە ئاماژەی داوە، ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی سیاسەتە بەردەوامەکەی ئیسرائیل بۆ لەنێوبردنی گەلی فەڵەستین، کە ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر دەکاتەوە."
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق پشتیوانی خۆی و گەلی قەتەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هێرشێک بۆ سەروەرییەکانی و ئاسایشی نیشتمانیی دووپات کردەوە.
میسر
سەرۆکایەتی میسر هێرشەکەی ئیسرائیل پێشهاتەیەکی مەترسیداری دار و ڕەت کردنەوەی گەشەسەندنەکانە، ئاماژەشی داوە، ئەو هێرشانە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا تێک دەدات".
ئیمارات
شێخ عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات، بە توندی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر دەوحە سەرکۆنە کرد و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی قەتەر و یاسای نێودەوڵەتی ناوبرد. هەروەها پشتگیری تەواوی وڵاتەکەی بۆ قەتەر دەربڕی و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان کرد. داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجوومەنی ئاسایش کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ ڕێگریکردن لە ئیسرائیل، چونکە بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهانی دەکات.
عومان
حکومەتی عومان لە ڕاگەیەندراوێکدا هاوسۆزی خۆی بۆ قەتەر گەلەکەی پیشان دا و بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل کرد ئاماژەی داوە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەری دەوڵەتانە، کە دەبێتە هۆی پەرەسەندنێکی مەترسیدار لە ناوچەکەم و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات و دووری دەخاتەوە لە ڕێگای ئاشتی.
کوەیت
وەزارەتی دەرەوەی کوەیت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردووەتەوە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیل دەکەین.
ئوردن
ئەیمەن سەفادی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: بە توندی ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر قەتەر دەکەم، ئەوە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
لوبنان
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان سەبارەت بە هێرشەکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) نووسیویەتی: "ئەمە دەکەوێتە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکە، کە ئیرادەی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر هەموو ئەو وڵاتانەی هەوڵی بەدیهێنانی سەقامگیری و ئاسایش لە وڵاتانی ناوچەکە دەدەن نیشان داوە.
نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕایگەیاند، حکومەتەکەی "بە توندی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر سەرکۆنە دەکات و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هێرشەکانی ئیسرائیل ڕابگرن، چونکە ئەو هێرشانە هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە دەکەن.
فەڵەستین
نووسینگەی مەحموود عەباس، سەرۆکی فەڵەستین لە ڕاگەیەندراوێکدا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەرەسەندن گرژییەکان ناو دەبات، کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەکات.
قەتەر
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاو کردەوە. بە توندترین شێوە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە، سەرکۆنە دەکەین.
جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هەڕەشەیەکی جیددییشە لەسەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان.