ماکرۆن: نابێت شەڕ بە ناوچەکەدا فراوان ببێت

سەرۆکی فەرەنسا هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە بە قبووڵ نەکراو دەزانێت و ئاماژەی دا، نابێت شەڕ بە ناوچەکەدا فراوان ببێت.
سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لە بارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە نووسیویەتی: ئەم هێرشانەی ئیسرائیل بە هیچ شێوەیەک و پاساوێک قبووڵ کراو نین.
سەرۆکی فەرەنسا هاوسۆزی خۆی بۆ قەتەر و شێخ تەمیم سانی دەربڕی. ئاماژەی داوە، نابێت بە هیچ هەلومەرجێک شەڕەکە بە هەموو ناوچەکەدا تەشەنە بکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.
ماجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ڕاگەیەنراوێکی لە بارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی بزووتنەوەی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بڵاو کردەوە. بە توندترین شێوە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر چەند بارەگایەکی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە دەوحە، سەرکۆنە دەکەین.
جەختی لەوە کردەوە، ئەم هێرشە تاوانکارییە پێشێلکارییەکی ئاشکرای هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، هەروەها هەڕەشەیەکی جیددییشە لەسەر ئاسایش و سەلامەتی قەتەرییەکان.