ناتانیاهۆ: ڕەنگە سبەی شەڕی غەززە بە مەرجەکانی ئیسرائیل کۆتایی پێبێت

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس دەڵێت: سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر ئاهەنگیان گێڕا بۆ هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر، ئێمەش لە هەمان شوێن هێرشمان کردە سەریان. گوتیشی: ڕەنگە سبەی شەڕی غەززە بە مەرجەکانی ئیسرائیل کۆتایی پێبێت.
سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەوانەکانیان ئەرکی بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماسیان بە وردی ئەنجام دا.
باسی لەوەش کرد، ئیسرائیل پێشنیازەکانی سەرۆکی ئەمەریکای پەسەند کردووە و بەڵێن دەدات کە ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بکات.
لە بارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر، ناتانیاهۆ گوتی: "سەرکردەکانی حەماس لە قەتەر ئاهەنگیان گێڕا بۆ هێرشی 7ـی ئۆکتۆبەر، ئێمەش لە هەمان شوێن هێرشمان کردە سەریان".
هاوکات هۆشداریی بە سەرکردەکانی دیکەی حەماس دەدات و دەڵێت: لە هەر شوێنێک بن پارێزراو نابن و ئیسرائیل بە ئامانجتان دەگرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس دەتوانێت کۆتایی بە شەڕی غەززە بهێنێت. دەشڵێت: ڕەنگە سبەی شەڕی غەززە بە مەرجەکانی ئیسرائیل کۆتایی پێبێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە درێژەی قسەکانیدا، داوای لە دانیشتووانی غەززە کرد پشتگیری لە حەماس نەکەن و شوێنیان نەکەون، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، حەماس دانیشتووانی کەرتەکە وەک قەڵغانی بەرگریکردن لە خۆی بەکار دەهێنێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل، بە هەماهەنگیی دەزگای ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتەکە (شاباک) هێرشی ئاسمانی کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بە گوێرەی میدیا عەرەبییەکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.