ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لێکتێگەیشتنی کۆتاییان واژۆ کرد

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سەبارەت بە میکانیزمی نوێی کارکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕێککەوتن.

سێشەممە 9ـی ئەیلوولی 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە بە تەلەڤزیۆنی دەوڵەتی ڕاگەیاند: ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لێکتێگەیشتنی کۆتاییان سەبارەت میکانیزمی نوێی کارکردن واژۆ کرد.

ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) لەو بارەوە نووسیویەتی: لە قاهیرە لەسەر میکانیزمێکی نوێی کردەیی و چالاککردنەوەی پشکنەرەکانمان لە ئێران لەگەڵ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕێککەوتین.

ئاماژەشی داوە، ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گرنگە و بەرەو ئاراستەیەکی ڕاستمان دەبات.

بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ عەباس عراقچی و ڕافایل گرۆسی، هیوای خواست ئەو ڕێککەوتنە ببێتە هۆی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئێران و وڵاتانی ئەورووپا کە هەڕەشەی دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان دەکەن و ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆیەکان لەگەڵ ئەمەریکا.

ئەمڕۆ سێشەممە میسر میوانداری عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی (IAEA) کرد.

لە دوای هێرشەکانی ئەمەریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕێگەیان پێ نەدراوە سەردانی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییەکان بکەن و لە پەرلەمانی بە زۆرینەی دەنگ هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئەو ئاژانسە هەڵپەسارد.

بەگوێرەی بەرپرسانی ئێران تاوەکوو ئێستا شاندی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم و ئێران دوو جار کۆبوونەوەتەوە و بڕیارە هەینی داهاتوو بۆ جاری سێیەم کۆببنەوە.

پێنجشەممە 28ی ئابی 2025، هەر یەکە لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، میکانیزمی سناپ باکیان لە دژی ئێران چالاک کرد. هەروەها هەر سێ وڵاتەکە داوا لە ئێران کرد، لە ماوەی 30 ڕۆژ پابەندبوونی خۆی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی پیشان بدەن.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment