پێگەی ئەکسیۆس: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە ڕاوێژکارەکانی ترەمپی تووڕە کردووە

سەرچاوەیەک لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە، بەرپرسانی ئەمەریکا لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە زۆر تووڕە و نیگەران بوونە، ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی ئەمەریکا خۆی لە هێرشەکان بێبەری کرد.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، کۆشکی سپی بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحە حەپەساون، هەروەها هەندێک لە ڕاوێژکارە باڵاکانی سەرۆکی ئەمەریکا زۆر تووڕە بوونە.

ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردووەتەوە، هۆکاری تووڕەبوونی ئەو ڕاوێژکارانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، هێرشەکە لە کاتێکدایە کە چاوەڕێی وەڵامی حەماس بۆ پێشنیازەکەی ترەمپن.

ئەو پێگەیە ئەمریکییە باسی لەوەش کردووە، شاندی دانوستانکاری حەماس لە دەوحە لەبارەی پێشنیازەکەی ترەمپ لە کۆبوونەوە بوون، چونکە پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی هەفتە وەڵامی ئەمەریکا بداتەوە.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکان ڕایگەیاندبوو، هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قەتەر تاک لایەنە بوو، بڕیارەکەی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل درابوو، بڕیاری من نەبوو.

ڕۆژی یەکشەممە 7ی ئەیلوولی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی لەبارەی غەززە بڵاو کردووەتەوە و ئاماژەی دابوو، "هەموو کەسێک دەیانەوێت ئەو شەڕی غەززە کۆتایی بهێت و بارمتەکان بگەڕێنرێنەوە، بۆیە ئێستا کاتییەتی کە دەبێت حەماس بە ئاگربەست و مەرجەکانم ڕازی بێت، چونکە ئیسرائیل بە هەموو مەرجەکانم ڕازیبوونە. ئەمەش کۆتا هۆشداری دەبێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ سێشەممە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی (شاباک) هێرشی ئاسمانییان کردە سەر بارەگایەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەر، بەگوێرەی میدیاکان شاندی دانوستانکاری حەماس کراوەتە ئامانج.

 
Fly Erbil Advertisment