ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندای لەلایەن ڕووسیاوە دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2025، ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، بە توندی ئیدانەی پێشێلکردنی ئاسمانی پۆڵەندای کرد لەلایەن زیاتر لە 10 درۆن ڕووسیاوە. بە گوتەی ڤۆن دێر لاین، ئەم ڕووداوە "بێباکانە" بووە و جەختی لە هاوسۆزی تەواوی ئەورووپا لەگەڵ پۆڵەندا کردەوە.
لە وتارێکدا لە پەرلەمانی ئەورووپا، ڤۆن دێر لاین گوتی: "ئەمڕۆ پێشێلکارییەکی بێباکانە لە ئاسمانی پۆڵەندا و ئەورووپامان بینی لەلایەن زیاتر لە 10 درۆنی ڕووسییەوە."
کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا؛
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند، "شەوی ڕابردوو لە پۆڵەندا، پێشێلکاری ئاشکرای ئاسمانی ئەورووپامان بینی لەلایەن ڕووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن، بە مەبەست بووە نەک بە ڕێکەوت." کاڵاس گوتیشی: "شەڕی ڕووسیا بەرەو هەڵکشان دەچێت نەک کۆتایی."
ئیمانوێل ماکرۆن،سەرۆکی فەرەنسا؛
سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لەبارەی درۆنەکانی ڕووداوەکەی پۆلەندا نووسیویەتی: "هێرش درۆنییەکانی ڕووسیا بۆ نێو ئاسمانی پۆڵەندا لە کاتی هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و سەرکۆنەی دەکەم."
ماکرۆن، پشتیوانی خۆی و گەلەکەی بۆ پۆڵەندا و حکوومەتەکەیان دووپات کردەوە. گوتیشی: بەمزووانە لەگەڵ مارک ڕوتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ کۆدەبمەوە و بە هیچ شێوەیەک سازش لەسەر ئاسایشی هاوپەیمانان ناکەین.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا؛
سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کاردانەوەیەکدا بەم ڕووداوانە، ڕایگەیاند: "درۆنەکانی ڕووسیا لە ئاسمانی پۆڵەندا پێشینەیەکی زۆر مەترسیدارن بۆ ئەورووپا." زێلێنسکی جەختی کردەوە "دەبێت ڕووسیا هەست بە دەرئەنجامەکانی بکات، هەروەها شەڕەکە ناتوانێت فراوانتر بێت و دەبێت کۆتایی بێت."
سەرۆکی ئۆکرانیا داوای کرد "چەکی پێویست پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە ڕووسیا و وەڵامدانەوەی بەهێز لەلایەن هەموو هاوبەشەکانەوە" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە.
بەهۆی هێرشە درۆنەکانی ڕووسیاوە ژمارەیەکی زۆر لە درۆن لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاسمانی پۆڵەندایان پێشێل کردووە و لەلایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پۆڵەندا و یەکێتیی ئەورووپاوە ڕێگرییان لێکراوە.
سوپای پۆڵەندا؛
سوپای پۆڵەندا ڕایگەیاندووە "چوار فڕۆکەخانە داخراون بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی درۆنەکان کە هێرشیان کردووەتە سەر خاکەکەمان و لێکۆڵینەوەکان هێشتا بەردەوامن." سوپای پۆڵەندا ئەم هێرشەی بە "پێشێلکاریی بۆ ئاسمانی وڵاتەکەی" وەسف کرد.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا؛
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ئەمڕۆ چوارشەممە, پشتڕاستی کردەوە, شەوی ڕابردوو ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر خاکی ئۆکرانیا. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕووسیا بە 415 درۆن و 42 مووشەک هێرشی کردووە، کە ژمارەیەکی زۆریان لەلایەن بەرگرییەکانی ئۆکرانیاوە خراونەتە خوارەوە.
گرژییەکانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ئەورووپا بەردەوام لە زیادبووندایە، بەتایبەتی دوای دەستپێکردنی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.