ناسنامەی کوژراوێکی دیکەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە ئاشکرا کرا

وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ناسنامەی کوژراوێکی دیکەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر سەرکردەکانی حەماس لە دەوحە ئاشكرا کرد و ڕایگەیاندووە، جیهاد ڕیاح حەسەن لەبد، یەکێکی دیکەیە لە کوژراوەکان و بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حەماس بووە لە قەتەر.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر ئاشکرای کردووە، تیمێکی تایبەتمەند و پسپۆر کار ناسینەوەی قوربانییەکانی دیکە دەکەن، ئێستا لیکۆڵینەوە و پشکینی بۆ ناسینەوە دوو کەسی دیکە دەکرێت.
ڕۆژی سێشەممە، وەزارەتی ناوخۆی قەتەر کوژرانی "موئمین جەواد حەسوونە"، ئەندامی بزووتنەوەی حەماسی ڕاگەیاند، کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە کوژرا بوو.
وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیکردووەتەوە، هێشتا لێکۆڵینەوە مەیدانی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای (DVI) بۆ ناسینەوەی قوربانیانییەکان بەردەوامە، لە داهاتووشدا هەر ئەنجامێکی تازە هەبێت بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەکەنەوە.
وەزارەتی ناوخۆی قەتەر پێشتر کوژرانی ئەندامێکی هێزی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەشی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحە ڕاگەیاندبوو، ئاماژەیداوە، ژمارەیەک ئەندامی هێزەکانی ناوخۆ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لە شوێنی هێرشەکەدا برینداربوون و یەکێکیان بەهۆی هێرشەکەوە گیانی لەدەستداوە.