لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حووسییەکان زیاتر لە 160 کەس کوژران و بریندار بوون

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ڕێگرییان لە مووشەکێک کردووە کە لە یەمەنەوە لەلایەن حووسیەکانەوە بەرەو وڵاتەکەیان هەڵدرابوو. ئەمەش دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر حووسییەکان هات کە زیاتر لە 160 کەس کوژران و برینداربوون.
سوپای ئیسرائیل لە کەناڵی تێلێگرام بڵاویکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکەرەوەی هێرشی ئاسمانی لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل ڕێگری لە مووشەکێک کرد کە لە یەمەنەوە بەرەو ئیسرائیل کرابوو"، بەڵام حووسییەکان هەڵدانی مووشەکەکەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە.
خستنەخوارەوەی مووشەکەکە، دوای چەند کاتژمێرێک لە کوژرانی لانیکەم 35 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 130 کەسی دیکە هات، کە ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا چەند پێگەیەکی حووسییەکان لە یەمەن بۆردومان کردبوو.
لە دوای کوژرانی ئەحمەد غالب ڕەهوی، سەرۆک وەزیرانی حوسییەکان و 11 بەرپرسی باڵای دیکە، کە لە 28ـی ئابدا کوژران، ئەمە یەکەم هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلە بۆ سەر حووسییەکان.
لەوەتەی شەڕی کەرتی غەززە لە نێوان ئیسرائیل و حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، دەستیپێکردووە، حووسییەکان و ئیسرائیل هێرشی مووشەکی و درۆنی دەکەن سەر یەکتر.
هەروەها حووسییەکان لە دەریای سوور هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانیانەی کە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە. کە دەڵێن هێرشەکانیان بەشێکە لە پشتیوانییەکانیان بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە.