مەسرور بارزانی: شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێکی سەرتاسەریی خهڵكی كوردستان بوو به ههموو نهتهوه و ئایین و پێکهاتەکانییەوە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، مەسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بە بۆنەی 64ـەمین ساڵیادی ههڵگیرسانى شۆڕشی مهزنی ئهیلوول بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک وەزیراندا هاتووە "ئەمڕۆ بە ڕێز و شکۆوە، یادی شۆڕشی مهزنى ئهیلوول بە ڕێبەرایەتیی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی بارزانیی نەمر دەکەینەوە، كە شۆڕشێکی سەرتاسەریی خهڵكی كوردستان بوو به ههموو نهتهوه و ئایین وپێکهاتە جیاوازهكانەوە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان و وەستانەوە دژی ستەم و داگیرکاری."
مەسرور بارزانی دووپاتی کردووەتەوە "بەهۆی خۆڕاگری و ئیرادەی بەهێزی خەڵکی کوردستان و یەکگرتوویی گەلی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چەندین دەسکەوتی گرنگ بەدیهاتن کە گرنگترینیان ڕێککەوتننامەی 11ـی ئاداری 1970 و ناچارکرنی ڕژێمی عێراق بوو کە دان بە مافەکانی گەلی کوردستاندا بنێت."
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "لە (64)مین ساڵیادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، جەخت لە پابەندبوون و بەرزڕاگرتنی بەها گرنگ و بەنرخەکانی شۆڕشی ئەیلوول دەکەینەوە لە یەکگرتوویی و تەبایی هەموو پێکهاتە و چین و توێژەکانی گەلی کوردستان لەپێناو داکۆکیکردن لە ماف و دەسکەوتە نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانیدا هاتووە "سڵاو لە گیانی پاکی شههیدانى شۆڕشی ئەیلوول و گشت شەهیدانی كوردستان."