کازم قورەیشی: هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان، عێراق بەرەو هەڵدێر دەبات

شرۆڤەکارێکی سیاسی " سوودانی متمانەی بەوە نیە لە هەڵبژاردن بباتەوە و ببێتەوە سەرۆک وەزیران"

بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆیان دەرکەوتووە، کە محەممەد شیاع سوودانی هەوڵی دواخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەدات، هەر بۆیە نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە ئاهەنگە جەماوەریەکانیەوە بە شێوەی هەڕەشە ئامێز پەیام بۆ سوودانی دەنێرێت و پێی دەڵێت: نابێت بە هیچ جۆرێک هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن بدەیت، شرۆڤەکارێکی سیاسیش ڕای وایە کە سەرۆک وەزیرانی عێڕاق ناتوانێ جارێکی دیکە پۆستەکەی وەرگرێتەوە، بۆیە هەوڵ دەدات هەڵبژاردن بۆ دوو ساڵ دوابخات .

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، بانگەشەیکی پێشوەختەی هەڵبژاردنی دەستپێکردووە، تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا لە سێ ئاهەنگی جەماوەری، جەختی لە سەر یەک پەیام کردووەتەوە، ئەویش بەڕێوەچونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە لە کاتی دیاریکراوی خۆی و ڕووی قسەکانیشی لە محەممەد شیاع سوودانیە وەک ئەوەی پێی بڵێ بۆت نیە لە ژێر هیج بیانوویەک هەڵبژاردن دوا بخەیت. 

کازم قورەیشی، کاندیدی هاوبەیمانی دەوڵەتی یاسا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەر وەک نوری مالیکی گوتی، دواخستن یانی شکستی پڕۆسەی سیاسی، ئەگەر ئەو شکستە ڕووبدات عێڕاق تووشی هەڵدێر دەبێت، عێراق دەچێتە سەر ڕێوڕەوێکی نایاسایی و ئەبێت لایەنەکان پشکی هەڵبژاردنی خۆیان وەرگرن، پێویستمان بە گۆڕانکارییە و بیانوویەک نیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

پرسی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن و دواخستنی هێشتا ناکۆکی لە سەرە، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بۆیان دەرکەوتووە کە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرقاڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیەکی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و تەنانەت ناوخۆییە، بۆ دواخستنی پڕۆسەکە بە بیانووی خراپی دۆخی ئەمنی عێراق و ناوچەکە، ئەمەش توڕەیی لایەنە سیاسیەکانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەحمەد سەراج، شرۆڤەکاری سیاسی گوتی: سوودانی تووشی دڵەڕاوکێ بووە لەوەی کە لە عێڕاق و ناوچەکە ڕوودەدەن، بۆیە هیچ متمانەی بەوە نیە کە لە هەڵبژاردن بباتەوە و جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆک وەزیران، چونکە سەقفی داواکاری ئەمەریکا بەرزبووەتەوە نە حکوومەت و نە هاوپەمانی ئیدارەی دەوڵەت ناتوانن جێبەجێی بکەن، بۆیە باشترین بژاردە بۆسوودانی، دواخستنی هەڵبژاردنە بۆساڵێک یان دوو ساڵ.

پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، بە بەشداری 160 هاوپەیمانی و حزب و کاندیدی سەربەخۆ، کە 7900 کاندیدیان هەیە و کێبڕکێی بەدەستهێنانی 329 کورسی دەکەن.

 

 
Fly Erbil Advertisment