پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات

ئەنجوومەنی ئاسایش
ئەنجوومەنی ئاسایش

دوای ئەوەی چەند درۆنێک ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاند، حکوومەتی پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

نێردەی کۆریای باشوور لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە بۆ مانگی ئەیلوول سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی ئاسایش دەکات، ڕایگەیاند: حکوومەتی پۆڵەندا داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە سەبارەت بەو درۆنانەی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندووە.

نێردەی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوە کرد، دوای داوای پۆڵەندا، ئێستا گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ کۆبوونەوەکە دەکەن.

پێشتر، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، دۆناڵد تۆسک، بەشداریی هێزەکانی بەرگریی سوپای وڵاتەکەی کردبوو بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندبوو، ئەوکات گوتیشی: ئەو درۆنانە ڕووسین، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی نیشان نەدا.

لە بەرانبەردا، ئەندریە ئۆرداش، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ڕووسیا لە پۆڵەندا ڕایگەیاند: پۆڵەندا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو کە تێیدا بیسەلمێنێت، ئەو درۆنانەی لە ئاسمانی پۆڵەندا خراونەتە خوارەوە ڕووسین، لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕەتی کردەوە بە درۆن هێرشی کردبێتە سەر پۆڵەندا.

هاوکات دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی ڕووسیا ئاماژەی بەوە کرد، سەرکردەکانی ئەورووپا و ناتۆ(هاوپەیمانی ئەتڵەسی)، ڕۆژانە ڕووسیا تۆمەتبار دەکەن بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ قسەکانیان بخەنە ڕوو.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment