وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەستگیرکردنی شانەیەکی سەر بەحزبوڵڵای لوبنانی ڕاگەیاند

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند، شانەیەکی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانیان دەستگیر کردووە، کە پێشتر هاوپەیمانی بەشار ئەسەد سەرۆکی ڕژێمی پێشووی سووریا بوونە.
پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەندراوێکی لەسەر زاری ئەحمەد دالاتی بەرپرسی ئاسایشی پارێزگای کەناراوەکانی دیمەشق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "یەکەیەکی تایبەت بەهاوکاریی هەواڵگریی گشتیی، توانییوانە شانەیەکی تیرۆریستی سەر بە حزبوڵڵای لوبنانی دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە ئەندامانی شانەکە لە سەربازگەکانی ناو لوبنان مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە، هەروەها پلانیان داناوە ئۆپەراسیۆن لە خاکی سووریا بکەن و مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی دروست بکەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەست بەسەر سەکۆی مووشەک هەڵگر و 19 مووشەکی جۆری گراد و مووشەکی دژە تانک، لەگەڵ چەک و بڕێکی زۆر تەقەمەنی جۆراوجۆردا گیراوە.
لە ساڵی 2013ەوە حزبوڵڵای لوبنانی پشتیوانی خۆی بۆ بەشار ئەسەد ڕاگەیاند و شانبەشانی سوپای سووریا شەڕی کرد، لەو ململانێیە ناوخۆییانەی کە لە ساڵی 2011ەوە سەریهەڵدا.
تا ئەم دواییانە حزبوڵڵا کاریگەرترین هێزی سیاسی و سەربازیی بوو لە لوبنان و پاڵپشتی گەورەی لە دیمەشق و تاران وەردەگرت. بەڵام لە چەند مانگی ڕابردوودا بەهۆی گورزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لاواز بووە، بەتایبەت دوای کوژرانی حەسەن نەسرولڵا، ئەمینداری گشتیی ئەو زبە و کۆمەڵێک لە سەرکردەکانیان.