ئەو کەسانەی دوور لە ڕێنماییە تەندروستییەکان ئاژەڵیان سەردەبڕی دەستگیرکران

قایمقامی ناوەندەی هەولێر، دەڵێت: لەسەر ڕێگای هەولێر-مووسڵ، چەند کەسێک بەبێ هەبوونی مۆڵەتی یاسایی و دوور لە ڕێنماییە پزیشکییەکان ئاژەڵیان سەردەبڕی، بەڵام لەلایەن لیژنەکانی ئێمەوە ڕێککاری یاساییان بەرانبەر گیراوەتە بەر.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندەی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: چەند کەسێک دوور لە یاسا و ڕێنماییەکان و بەبێ ڕەچاوکردنی مەرجە تەندروستییەکان و سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان، لەسەر شەقام و لە دەرەوەی سەربڕخانەی فەرمی ئاژەڵیان سەردەبڕی.

قایمقامی ناوەندی هەولێر گوتی: ئەو ئاژەڵانەی سەربڕاون بەبێ مۆری ڤێتێرنەری گۆشتەکەیان دەخستە بازاڕەوە و لە کاتی سەردانیکردنمان بۆ شوێنەکە، دەستبەسەر 19 لاشەی ئاژەڵدا گیرا، کە لەو شوێنە سەربڕابوون و نۆ کەسیش لەو شوێنە ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و ڕێکاری یاساییان بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

نەبەز عەبدولحەمید، جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرکەسێک لە هەر شوێنێک ئاژەڵ دوور لە ڕێنماییەکان لە دەرەوەی سەربڕخانە و بەبێ مۆری ڤێتێرنەری سەرببڕێت ڕێککاری یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

 
 
Fly Erbil Advertisment