لەنێو سەدان گەورە کۆمپانیای جیهانی، کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان سێ خەڵاتی یەکەم بەدەست دەهێنێت

بۆ جاری یەکەمە کۆمپانیایەکی بواری تەلارسازی هەرێمی کوردستان بەدیزاینی پرۆژەیەکی خۆماڵی بەشداری لە ئیڤێنتێکی گەورەی خانووبەرە کرد و لەنێوان سەدان کۆمپانیای جیهانی، سێ خەڵاتی یەکەمی پێنج ئەستێرەیی بەدەست هێنا.

هەردی بەرزنجی، تەلارسازی ڕاوێژکار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ی ئەیلوولی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: لە ئیمارات وەک یەکەمین کۆمپانیای ڕاوێژکاریی ئەندازیاری بەشداربووین لە ئیڤێنتێکی نێودەوڵەتیی کە لە چەندین وڵات لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان کۆمپانیاکان بەشداربوون.

گوتیشی: لە ئیڤێنتەکە دا زیاتر وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون و دابەشی چەند زۆنێک کرابوون، سەرەتا لە مانگی ئایارەوە بۆ بەشداربوون پرۆژەکانمان پێشکەش کردبوو، بۆ ئەوە لیژنەکان بتوانن هەڵسەنگاندنی ورد و تەواو بۆ پرۆژە و دیزاینەکان بکەن.

ئەو تەلارسازە ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێکخەرانی ئیڤێنتەکە نزیکەی 100 دادوەریان هەیە و چەندین مەرجی پێویستە، بۆ بەشداربوون لە بوارەکانی داهێنان و گۆڕانی کەشوهەوا و خۆ گونجاندن لەگەڵ کۆمەڵگە و پەیوەندیی بە ژینگەی شوێنەکە، هەروەها یەکەمین نووسینگەی ڕاوێژکاری ناوخۆیی ئەندازیاریین، بتوانین پرۆژەیەکی گەورە بەدەستبهێنین و ببینە خاوەنی پرۆژەیەکی گەورە.

هەردی بەرزنجی، گوتیشی: بەشداربوون لە ئیڤێنتێکی لەمشێوەیە کاریگەری زۆری لەسەر لۆبی کوردستان هەیە، چونکە سەرجەم کۆمپانیاکان نێودەوڵەتیی و ناسراون، ئەمەش دەروازەیەکی گەورە دەکاتەوە بۆ هاندانیان بێنە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن و ژینگەی گونجاوی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنانمان بۆ ڕوونکردنەوە.

باسی لەوەش کرد، جگە لە بەدەستهێنانی پلەی یەکەم، لە سێ بواری گرنگ خەڵاتی پێنج،ئەستێرەییان بەدەستهێناوە، پرۆژەکەش دیزاینی باڵەخانەی سەندیکای پارێزەرانی کوردستان بووە، کە بەدەستی ئەندازیارانی خۆماڵی دیزاین و جێبەجێکراوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment