ئەو کەسانەی کلکی ڕێوییەکیان بڕی، ئاسایشی هەولێر دەستگیری کردن

ئاسایشی هەولێر بە هەماهەنگیی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، ئەو کەسانەی دەستگیر کرد کە لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لە سۆشیال میدیا بڵاویان کردبووەوە، پاش ئەوەی بە ئۆتۆمبێل ڕێویەک دەشێلن و بە سەختی برینداری دەکەن، لەبری ئەوەی چارەسەری بۆ بکەن، کلک و گوێی بە برینداری دەبڕن.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، ئەو کەسانەی لە هەولێر گرتە ڤیدیۆیەکیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و تێیدا نیشانی دەدەن، پاش ئەوەی  بە ئۆتۆمبێل ئاژەڵێکیان شێلاوە کە(ڕێوی)یە، لە بری ئەوەی بیگەیەننە ڤێتێرنەرییەک و چارەسەریی بۆ بکەن، کەچی بە برینداری کلک و گوێی ئاژەڵەکە دەبڕن و بەدیارییەوە پێدەکەنن و گاڵتە دەکەن.

ئاسایشی هەولێر ڕایگەیاندووە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەکە، دەست بەجێ دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە بۆ دەستنیشانکردنی کەسەکان و توانیوویانە لە ماوەیەکی کورتدا بیاندۆزنەوە و بە بڕیاری دادوەر، دەستگیریان بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ئاسایشی هەولێر، ئەو کەسەی تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکەیە، عەرەبە و خەڵکی سووریایە، ئاوارەی هەرێمی کوردستان بووە، ئێستا لەگەڵ هاوکارێکی دیکەی، لێپرسینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکرێت.

ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان نەوەک تەنیا مرۆڤەکان، بەڵکو ئاژەڵەکانیش مافیان پارێزراوە.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment