شاخەوان عەبدوڵڵا: یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی حزبی به‌عس جێبه‌جێ بكرێت

جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ بریکاری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی فیدراڵ كۆده‌بێته‌وه و جارێكی دیكه داوای جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکان بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان ده‌كاته‌وه.
هه‌ینی، 12ـی ئه‌یلوولی 2025، نووسینگه‌ی جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق بڵاویكرده‌وه، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی په‌رله‌مان، لەگه‌ڵ مەهدی جبووری، بریکاری کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی فیدراڵ كۆبووه‌وه و لە دیدارەکەدا، تاوتوێی چەند بابەتێکی پەیوەست بە پشتیوانیکردنی کەرتی کشت‌وکاڵیان له عێراق كرد.
نووسینگه‌ی جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق گوتووشیه‌تی، شاخەوان عەبدوڵڵا داوای جێبەجێکردنی یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکانی بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان کرد.
نووسینگه‌ی جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، شاخه‌وان عەبدوڵڵا جەختی لە پێویستی جێبەجێکردنی سەرجەم ڕێنماییەكان سەبارەت بە یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2025، کردەوە کە تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی حزبی به‌عسی هه‌ڵوه‌شاوه و گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵەکان بۆ خاوەنەکانیان لە کەرکووک و دیالە و سەڵاحەددین.
شاخه‌وان عەبدوڵڵا جارێكی دیكه جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی جێبەجێکردنی یاساکە كردووه‌ته‌وه، بە شێوەیەک دادپەروەری بەدی بهێنێت و مافەکان بۆ خاوەنە شەرعییەکانیان بگەڕێنێتەوە.