زێلێنسکی: پوتن هەوڵی داگیرکردنی تەواوی ئۆکرانیا دەدات

ڤلودیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤلودیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

ڤلودیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، پێشکەوتنێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام ڕووسیا بەردەوامە لە پێشێلکارییەکان و هەوڵی داگیرکردنی تەواوی ئۆکرانیا دەدات.

زێلێنسکی ئەمڕۆ هەینی 12ی ئەیلوولی 2025، لە کیێڤ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: گرنگ نییە پوتن چی بە کێ دەڵێت، بەڵام ڕوونە بەڕادەیەک پەرەی بە توانا سەربازیی و کەرەستە جەنگییەکانداوە، کە بە ئاسانی جەنگ کۆتایی پێ بێت، مەگەر ناچار نەبێت و مەرامە کەسییەکانی بە شێوەیەکی ڕیشەیی نەگۆڕدرێت.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕاشیگەیاند، ئامانج و مەرامی پوتن، داگیرکردنی تەواوی ئۆکرانیایە و هەوڵەکانی ئەمەریکاش نەیتوانیوە سنوورێک لەبەردەم هێرش و لەشکرکێشییەکانی ڕووسیا دابنێت، هەربۆیە ڕووسیا بەردەوامە لە هێرش و پێشێلکارییەکانی جەنگ، هەروا بە ئاسانیش ناتوانرێت ڕێگری لە مەرامی کەسی سەرۆکی ڕووسیا بگیرێت و بەشێوەیەکی ڕیشەیی بگۆڕدرێت.

ئەم قسانەی ڤلودیمێر زێلێنسکی لە کاتێکدایە، کە هەر ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەشێوەیەک نیگەرانی بێئومێدبوونی خۆی لە بەرانبەر ڕاگرتن و کۆتایی پێهێنانی جەنگی ڕووسیا – ئۆکرانیا دەربڕی و بە کەناڵی فۆکس نیووزی گوتی: هێشتا ڕقێکی زۆر لە جەنگی نێوان ئەو دووڵاتە هەیە، بەڵام ئەوەی سەیرە و مایەی پێکەنینە، کاتێک پوتن داوای ڕێککەوتنی دەکرد، زێلێنسکی وەڵامی نەدەدایەوە، ئێستاش پێچەوانە بووەتەوە و پوتن وەڵامی زێلێنسکی ناداتەوە، بۆیە پێویست ڕێکاری توند و چارەساز بۆ کۆتاییهێنان بەم جەنگە بگرینەبەر.

 
Fly Erbil Advertisment