تۆمەتباری کوشتنی چارلی کێرک دەستگیرکرا

پۆلیسی فیدراڵی ئەمەریکا بکوژی چالاکوانە ڕاستڕەوەکەی پشتیوانکاریی کۆمارییەکانی دەستگیرکرد و ترەمپ ئومێدەوارە سزای نکوژەکە لە سێدارەدان بێت و میدیایەکی ئەمەریکیش ئاشکرای کردووە، بکوژەکە لەلای باوکی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و باوکیشی ڕاپۆرتی لەسەرداوە.
سپێنسەر کۆکس حاکمی ویلایەتی یوتای ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، دەستگیرکردنی گومانلێکراوێکی بە ناوی تایلەر رۆبنسن تەمەن 22 ساڵانی بە تۆمەتی کوشتنی چارلی کێرک، چالاکوانی ڕاستڕەوی باڵی کۆمارییەکان ڕاگەیاند.
کۆکس ئاشکراشی کرد، گومانلێلکراوەکە دانیشتووی ویلایەتی یوتایە، بە گوتەی کەسوکارەکەی ئەم دوایانە گوتوویەتی چارلی کێرك کەسێکی پڕ لە ڕق و کینەیە.
چارلی کێرك چالاکوانێکی دیاری کۆمارییەکان و راستڕەوەکان بوو، پشتیوانکارێکی سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو، ڕۆژی چوارشەممە 10ی ئەیلوولی 2025، لە بۆنەیەکدا لە زانکۆی یوتا بە چەکی نیشانەشکێن کوژرا، کوژرانی ئەو چالاکوانە دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکرد، هەریەکە لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و جۆ بایدن و باراك ئۆباما، سەرۆکانی پێشوو و پێشووتری وڵاتەکە سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.
هەر ئەمڕۆ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەونێکی تەلەفزیۆنی فۆکس نیووزی گوتی؛ ئومێدەوارم سزای بکوژەکەی کێرک لە سێدارەدان بێت، کە ئێستا دەستگیرکراوە.
ترەمپ ڕوونیکردەوە، تۆمەتبارەکە لە ڕێگەی ئەو وێنانەی لەلایەن هێز ئەمنییەکانی ئەمەریکا بڵاو کرانەوە، بکوژەکەی کێرک ناسرا بوو، بەڵام لەلایەن کەسێکی زۆر نزیکییەوە ڕاپۆرتی لەسەر درا، هەروەها باوکی تۆمەتبارەکە ڕۆڵێکی گرنگی لە دەستگیرکردنی کوڕەکەیدا هەبوو.
بە گوێرەی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکە لەلای باوکی دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، کە چارلی کێرکی کوشتووە.
هەروەها کاش پاتێل بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆلیسی فیدراڵیی ئەمەریکا بە فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، کاتژمێر 10ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی واشنتن تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە و زیاتر لە 20 ئەفسەری دامەزراوە ئەمنی و پارێزەرانی یاسا بەشداری هەڵمەتی گەڕان و دۆزینەوە بکوژەکە بوون.