پاکێجی خێزانی ڕێگری لە بابەتە نەشیاوەکان دەکات

دایکێک دەڵێت: پێشتر هەموو سایت و ماڵپەڕەکان کراوەبوون، زۆرجار منداڵان ڤیدیۆی نەشیاو و ترسناک، یاخود توندوتیژیان دەکەوتە بەرچاو، بەڵام لەڕێگەی پاکێجی خێزانییەوە، ئەو کێشەیان چارەسەر بووە.
زەینەب شوان، ئافرەتی ماڵەوەیە و بۆ کوردستان24 گوتی: لە یوتوب کە فیلم کارتۆنەکان تەواو دەبوون، یاخود لەنێوەڕاستی فیلم کارتۆنەکان، ڤیدیۆی نەشیاو دەهات بەرچاوی منداڵەکان، سەرباری دیمەنی ترسناکیش، دەڵێت: منداڵەکان دەترسان و زۆر جار قسەم لەگەڵ دەکردن، بە ترسەوە وەڵامیان دەدایەوە، بەردەستخستنی پاکێجی خێزانی زۆر گرنگە، چونکە کاتێک بە کاروباری ناوماڵ خەریک دەبم، لە منداڵەکانم نیگەران نابم سەیری چی دەکەن لە ئینتەرنێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن چەند ساڵێکە بە هەماهەنگی و ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی هێلی ئینتەرنێت، پاکێجی خێزانیان داناوە و بەگوێرەی قسەی گوتەبێژی وەزارەتەکەش، ئەوان هەموو ڕیکارێکیان لەوبارەوە جێبەجێ کردووە.
دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن بە کوردستان24ـی گوت: بەهامەهەنگی لەگەڵ لێژنەی فەتوا، توانرا کارێک بکرێت بۆ ڕێگری کردن لە بابەتە نەشیاوەکانی نێو تۆڕی ئینتەرنێت، بەشێوەیەک کۆمپانیاکانی هێلی ئینتەرنێتی مۆڵەتپێدراو لە وەزارەتەکە پاکێجی خێزانیان دروستکرد، پاکێجەکە خێراترە و نرخیشی هەرزانترە، ئەوەش لەپێناو ئەوەیە هاووڵاتییان لێی سوودمەند بن.
ئەم هەنگاوە بۆ نەکردنەوەی ماڵپەڕ و پەیجە نەشیاوەکان، بۆ ئەوەیە بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتانەدا بکرێت کەدوورن لە نەریتی کۆمەڵگەی کوردەواری، بەتایبەتیش بابەتە نەشیاوەکان بۆ منداڵان.