زەهران مەمدانی بەڵێنی دا ئەگەر ناتانیاهۆ بچێتە نیویۆرک دەستگیری بکات

زەهران مەمدانی کاندیدی سەرۆکایەتی شارەوانی نیویۆرک, بەڵێنی داوە ئەگەر لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی شارەوانیدا بباتەوە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەربکات.

زەهران مەمدانی کاندیدی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی نیویۆرک، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ڕایگەیاند، ئەگەر لە هەڵبژاردن دەربچم، فەرمان بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دەکەم، هەر کاتێک بنیامین ناتانیاهۆ بێتە شارەکەوە، دەستگیری بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، شارەزایانی یاسایی کە ڕۆژنامەکە ڕاوێژی پێکردوون، ئاماژەیان بەوە کردووە، جێبەجێکردنی ئەو جۆرە دەستگیرکردنە ڕەنگە لەگەڵ یاسای فیدراڵی ئەمەریکادا ناکۆک بێت. سەرەڕای ئەوەش، پێشبینی دەکرێت ئەم بەڵێنە کاردانەوەی توندی لە شاری نیویۆرک بورووژێنێت، کە یەکێکە لە گەورەترین کۆمەڵگە جووە نیشینەکانی دەرەوەی ئیسرائیل.

مەمدانی کە بە پشتیوانی لە دۆزی فەڵەستین ناسراوە، پاڵپشتییەکی بەرچاوی بۆ هەڵمەتەکەی وەرگرتووە، بە پێی ڕاپۆرتێکی پێشوو کە لە مانگی ئابدا بڵاوکراەتەوە، پێشەنگی ڕکابەرەکانی گرتووە.

هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی شارەوانی نیویۆرک، لە 4ـی تشرینی دووەمی 2025 بەڕێوەدەچێت، هەروەها سەرۆکی شارەوانی ئێستای شارەکە 'ئێریک ئادەمز'ـە و لە پشکی دیموکراتەکانە، ناوبراو لە مانگی ئەیلوولی 2024 بە گەندەڵی  تۆمەتبار کرا، بەڵام وەزارەتی داد لە مانگی شوباتی 2025 فەرمانی بە داواکارانی گشتی کرد، تۆمەتەکان هەڵبوەشێنێتەوە و دواجار لە مانگی نیسانی دۆسیەکە داخرا.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment