بارەگاکەی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی دەکرێتە مۆزەخانە
بارەگای شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی نۆژەن دەکرێتەوە و دەکرێتە مۆزەخانەیەکی کولتووری و مێژوویی، بە پاراستنی شێوازە کۆنەکەی و تێکەڵکردنی دیزاینی نوێ و هاوچەرخ.
بارەگاکەی شێخ مەحموودی حەفید کە وەک دەسەڵاتدار و پادشای کوردستان ناسراوە؛ دەکەوێتە گەڕەکی ناوبانگی 'مەڵکەندی' لە سلێمانی و لە نێوان ساڵانی 1923 بۆ 1924 بونیاتنراوە.
بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی 'سی دی ئۆ' بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "یەکەم جارە مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە لە هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە. دوو بەشی سەرەکی هەیە: بەشێکی تایبەتە بە بەڵگەنامەکان، کە هەندێکیان لە بەریتانیا و هیندستان و فەڕەنسا و عێراقەوە کۆکراونەتەوە و پەرژ و بڵاو بوون، هەروەها دەستنووسەکانی خودی شێخ مەحموودیشمان هەیە، کە هەوڵمانداوە وردە وردە کۆیانبکەینەوە و لەم مۆزەخانەیەدا جێگیریان بکەین."
لەبارەی بەشی دیکەی مۆزەخانەکە، بەختیار ئەحمەد گوتی "بەشەکەی دیکەش کەلوپەلە، کە ئەو کەلوپەلانەن لە سلێمانی بەکارهاتوون لەو کاتانەی کە بەداخەوە شەڕ بووە لەگەڵ ئینگلیز، هەروەها ئەو کەلوپەلانەش کە ئینگلیزەکان خۆیان هێناویانەتە سلێمانی. هەروەها مۆزەخانەکە میدالیای تایبەت بەو ئەفسەرانە لەخۆدەگرێت کە لە بەرەکانی جەنگی سلێمانی بەشداربوون و لە بەریتانیا دابەش کرابوون."
هەر گەلێک بە ڕێگەی سیمبولە نەتەوەییەکانیەوە دەناسرێتەوە. نەخش و نیگارەکانی بارەگاکە، وەک لە سەردەمی ژیانی شێخ مەحموددا بوون، هێشتا پارێزراون و شێوازە نوێیەکانیش هەمان فۆڕم دەگرنەوە. سەرجەم ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە بە تەکنەلۆژیای نوێ نمایش دەکرێن و ئاشنای سەردانیکەران دەکرێن، لەگەڵ بەڵگەنامە دەستنووسەکان بە زمانە جیاوازەکانەوە.
ژوورێکی مۆزەخانەکە بۆ کەسایەتییەکی ئینگلیزی بە ناوی'مەیجەر سۆن' تەرخان کراوە کە لە ساڵانی 1918 تا 1921 لە سلێمانی بووە و، کەلوپەل و وێنەکانی تێیدا دانراون.
سدیق ساڵح، ئەندامی ڕێکخراوی بزووتنەوەی بنکەی ژین، جەختی لەسەر گرنگی ئەم پڕۆژەیە کردەوە و ڕایگەیاند: "پێویستمان بە بیرهێنانەوەیە. ئێمە میللەتێکین کەم و زۆر دەتوانین بڵێین زۆر مێژوودۆست نین. بۆیە پێویستیمان بە دۆزینەوەی ئەو ڕێگایانە هەیە چۆن بتوانین ئەو مێژووە بەردەوام زیندوو بکەینەوە. یەکێک لەو ڕێگایانە دروستکردنی مۆزەخانەیە."
بیرۆکەی نۆژەنکردنەوەی ئەم خانوە لە ساڵی 2012 سەریهەڵدا، بەڵام لە ساڵی 2022ەوە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنی بڕیاریدا ئەو خانوە مێژووییە نۆژەن بکاتەوە، و بە هەوڵی خەمخۆرانی بواری مێژوو بیکاتە مۆزەخانە و بڕیارە ساڵی داهاتوو کۆتایی بە کارەکانی بێت.