بەرپرسێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: واشنتن پشتگیریی لامەرکەزی لە سووریا دەکات

دوای گۆڕینی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە لە ئەمەریکا کە لەگەڵ سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێستای دیمەشق ناکۆکن، بە بەردەوامی و بەیەکەوە هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەمەریکا دروست بکەن بۆ ئەوەی واشنتن گوشار لە حکوومەتی سووریا بکات بۆ پەسەندکردنی سیستەمێکی لامەرکەزی و دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات.

 پێکهاتەکانی وەک کورد، عەلەوی، دروز و کریستییان لە ئەمەریکا، پێیان وایە ڕژێمی ئێستای سووریا نادیموکرات و چەوسێنەرە.

لە یەکێک لە باڵەخانەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو کە تێیدا تەواوی نوێنەرانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان، جگە لەو توێژەی حکوومەتی ئێستای سووریایان پێکهێناوە، ئامادەبوون. ئامانجی سەرەکییان بریتییە لەوەی سووریا بەرەو فیدڕاڵی و لامەرکەزی بڕوات.

سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمەریکا، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەکە وەک کۆنفڕانسێک بەڕێوەچوو و هەموو پێکهاتەکانی سووریا لە دروز، عەلەوی، سوننی دیموکرات و کورد ئامادەبوون، کە دەیانەوێت سووریایەکی دیموکراتی و فیدراڵی دروست ببێت. 

میارا عیزەددین حەبیب، هاووڵاتیی دروزی ئەمەریکیی سووری، لە لێدوانێکی بۆ کوردستان24 گوتی "پێکهاتەکانی سووریا هەمیشە بەیەکەوە بە ئاشتی ژیاون، بەیەکەوە کاریان کردووە و پیرۆزبایی بۆنە ئایینی و مێژووییەکانیان لەیەکدی کردووە."

دوای گۆڕینی ڕژێمی سووریا لە ساڵی ڕابردوو، ئەو وڵاتە بووەتە جێگەی بایەخی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کە لەلایەک لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق و لەلایەکی دیکە لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا لە پەیوەندیدایە. 

نەدین مەیزنە، بەڕێوەبەری پێشووی ئازادیی ئایینی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سیاسەتی ئەمەریکا لەبارەی سووریا بە بەردەوامی دەگۆڕێت و ئێستا حکوومەتی ئەمەریکا پشتگیری لە لامەرکەزی دەکات، سەرەڕای ئەوەی پێشتر دژی بووە."

 ناوبراو پێی وایە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات بە باشترین شێوە یارمەتی سووریا بدات و ڕێگەی باشتر هەیە بۆ پشتگیریکردن لە ئازادی ئایینی لە سووریا، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەندێجار سیاسەتی ئەمەریکا بەدوای سەرکەوتنی کورتخایەن دەگەڕێت نەک سەرکەوتنی درێژخایەن.

مارک واڵکەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمەریکا، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، ئەوان زۆر نیگەرانن لەوەی لە سووریا دەیبینن. باسی لەوەش کرد، پشتگیری لە سەرۆک ترەمپ دەکەن کە سزاکانی سەر سووریای لابرد، بەڵام لە هەمان کاتدا لە نزیکەوە چاودێریی ڕەفتارەکانی حکوومەتی سووریا دەکەن و هیوادارن گۆڕانکارییەک ڕووبدات، بەتایبەت لەبارەی دروزەکانەوە کە بە ئامانج دەگیرێن.

 ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سزاکانی سەر سووریای هەڵگرتووە بۆئەوەی ڕێگە بە پێکهاتەکانی سووریا بدات وڵاتەکەیان جارێکی دیکە بنیات بنێنەوە، هەروەها تۆم باراکی وەک نوێنەری خۆی دیاری کردووە بە مەبەستی نزیککردنەوەی پێکهاتەکانی سووریا لە یەکدی.

 
Fly Erbil Advertisment