هەواڵگریی ئیسرائیل: پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران لەناو نەبراوە

بەرپرسانی ئیسرائیلی لەم دواییانەدا هەڵسەنگاندنی خۆیان لەبارەی ئەو بۆمبارانانەی کە لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا کرانە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پێشکەش بە دەسەڵاتدارانی فەرەنسی کردووە.
ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی، لە ژمارەی ئەمڕۆ، 13ـی ئەیلوول 2025، بڵاوی کردووەتەوە "بە گوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی ئیلیزێ، ئەم زانیارییانە بۆ فەرەنسا بایەخێکی تایبەتیان هەیە، دوای ئەوەی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا هەموو هاوکارییەکیان لەگەڵ هاوبەشە ئەورووپییەکانیان سەبارەت بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران ڕاگرتووە."
لەدوای ئەو هێرشانەی لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمەریکا-ئیسرائیل لە 13 تا 25ی حوزەیران کرانە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لێدوانە فەرمییەکان سەبارەت بە چارەنووسی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمیی ئەو وڵاتە دژبەیەک بوون. لە 10ی تەممووز، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بە ڕۆژنامەی لۆمۆندی گوت: ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێمە لەناوبراوە، بەرەنجامی لێکدانەوەیەکی هەڵەیە.
عراقچی، هۆشداریشی دا و گوتی: پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی لە ڕاستیدا سەرلەنوێ دەستی پێ کردووەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە 26ی حوزەیراندا، بە شانازییەوە ڕایگەیاند، کە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانی بە تەواوی لەناو بردووە و هەر ڕاپۆرتێکی پێچەوانەی بە هەواڵی ساختە، ناوبرد.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی فەرەنسی نزیک لە کۆشکی ئێلیزێ، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولدا، ئیسرائیلییەکان هەڵسەنگاندنی خۆیان سەبارەت بە بۆمبارانە چڕەکانی مانگی حوزەیران بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی فەرەنسا. ئەم هەڵسەنگاندنە پێچەوانەی ڕاگەیەنراوەکانی کۆشکی سپی بوو. بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، لە ڕاپۆرتەکەی ئیسرائیلدا هاتووە "هەرچەندە کارگەکانی دروستکردنی ئامێرەکانی سەنتەرفیوج و زۆربەی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم، بەتایبەتی لە فۆردۆ و نەتەنز، وێران کراون، بەڵام بەشێک لەو کەرەستانە لەناونەبراون و هێشتا دەتوانرێت بەکار بهێنرێن."
بەگوێرەی خەمڵاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل "ئەو کەرەستانەی لە بۆمبارانەکاندا وێران نەکراون، بەشی دەستپێکردنەوەی پرۆگرامەکە لە ماوەیەکی کورتدا، ناکەن، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئێران دەتوانێت کەرەستەی پێویست دروست بکاتەوە و سەرلەنوی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە."