زانکۆکانی جیهان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئیسرائیل دەپچڕێنن

دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە ئەورووپاوە تا ئەمریکای باشوور، دامەزراوە ئەکادیمییەکانی ئیسرائیل بایکۆت دەکەن، هەرچەندە زانکۆی بەریتانیا ڕایانگەیاندووە پشتگیریی لەم هەنگاوە ناکات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، ژمارەیەکی زۆری زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان لە سەرانسەری جیهان، پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دامەزراوە ئەکادیمییەکانی ئیسرائیلیدا دەپچڕن. ساڵی ڕابردوو زانکۆی فیدراڵیی سیارا لە بەرازیل، کۆنفرانسێکی لووتکەیی داهێنانی لەگەڵ زانکۆیەکی ئیسرائیلی هەڵوەشاندەوە. لەکاتێکدا کۆمەڵێک زانکۆ لە نەرویج، بەلجیکا و ئیسپانیا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دامەزراوە ئیسرائیلییەکان پچڕاندووە. هەندێکی تر، لەوانە کۆلێجی ترینیتی دبلن، ئەم هاوینە هەمان ڕێچکەیان گرتەبەر.
زانکۆی ئەمستردام، بەرنامەیەکی ئاڵوگۆڕی خوێندکارانی لەگەڵ زانکۆی عیبریی ئۆرشەلیم کۆتایی پێ هێناوە و کۆمەڵەی ئەورووپیی مرۆڤناسە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاندووە هاوکاریی دامەزراوە ئەکادیمییە ئیسرائیلییەکان ناکات و هانی ئەندامەکانی داوە هەمان کار بکەن.
ستێفانی ئادەم، لە کەمپەینی فەڵەستینی بۆ بایکۆتی ئەکادیمی و کولتووریی ئیسرائیل، گوتی: دامەزراوە ئەکادیمییە ئیسرائیلییەکان لە داگیرکاریی دەیان ساڵەی سەربازیی ئیسرائیل و چەوساندنەوەی گەلی فەڵەستین، لە لایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە، هاوبەشن. ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی زانکۆکانە کۆتایی بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ زانکۆ ئیسرائیلییەکاندا بهێنن.
زۆرینەی دامەزراوە ئەکادیمییەکانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا ڕایانگەیاندووە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئیسرائیل دەپچڕێنن؛ جگە لە زانکۆی بەریتانی (UUK) کە ڕایگەیاندووە پشتگیری لە بایکۆتی ئەکادیمی ناکات.
گوتەبێژێکی (UUK) زانکۆی بەریتانیا بە گاردیانی ڕاگەیاند "وەک دەستەی نوێنەرایەتی، زانکۆی بەریتانیا هەڵوێستێکی گشتیی دێرینی هەیە و پابەندە بە ئاڵوگۆڕی ئازادانەی بیرۆکەکان، بەبێ گوێدانە نەتەوە یان شوێن؛ بەم پێیەش، ئێمە پشتگیری لە بایکۆتی گشتیی ئەکادیمی ناکەین، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئازادیی ئەکادیمی."
ڤێنکی ڕاماکریشنان، خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ و سەرۆکی پێشووی کۆمەڵەی شاهانەی ئەکادیمیی بەریتانی، بە گاردیانی گوت: بایکۆتکردنی ئەکادیمی هەڵوێستێکی گونجاو نییە. ڕاستە مامەڵەی حکوومەتی ئیسرائیل لەگەڵ دانیشتووانی غەززە، ناهاوسەنگە و زیانی بە هاووڵاتیان بە تایبەتیش منداڵان گەیاندووە. بەڵام زۆربەی ئەو ئەکادیمییە ئیسرائیلییانەی دەیانناسم، ناتانیاهۆ و حکوومەتەکەیان خۆش ناوێت. ئەم جۆرە بایکۆتە، سزای ئەو کەسانە دەدات کە بەرپرس نین لە کردەوەکانی حکوومەتی ئیسرائیل و لە ڕاستیدا زۆر لەگەڵ نەهامەتییەکانی فەڵەستینییەکاندا هاوسۆزن.
ئیلان باپێ، مێژوونووس و زانای سیاسیی ئیسرائیلی، ئەو بۆچوونەی ڕەت کردەوە کە زۆرێک لە ئەکادیمییە ئیسرائیلییەکان هاوسۆزی نەهامەتییەکانی فەلەستینییەکان بن. "ئەگەر وا بووایە، لەگەڵ ئەو چەند سەد ئیسرائیلییە ئازایەی دژی شەڕی غەززە خۆپیشاندان دەکەن، چەند ئەکادیمییەکی ئیسرائیلیش بەشدارییان دەکرد."
باپێ گوتیشی: زۆرینەی ڕەهای ئەکادیمییە ئیسرائیلییەکان ڕەتی ناکەنەوە لە سوپای وڵاتەکەدا خزمەت بکەن. جگە لەوەش کۆرس و بڕوانامە پێشکەش بە دەزگای نهێنی، پۆلیس و ئەو ئاژانسانەی حکوومەت دەکەن کە ڕۆژانە فەلەستینییەکان سەرکوت دەکەن.
سەبارەت بە بایکۆتی ئەکادیمی، باپێ گوتی: ئەمە گفتوگۆیەکی زۆر توند و سەختە، هەرچەندە پێویستە. تاوەکوو ڕۆڵی ئەو دامەزراوە ئەکادیمییە ئیسرائیلییانەی وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمێکی ستەمکار کار دەکەن، بۆ ڕای گشتیی جیهان ڕوون بکرێتەوە. ".
غەسان سولەیمان ئەبو ستە، نەشتەرگەری بەریتانیی-فەلەستینی و سەرۆکی زانکۆی گلاسگۆ، گوتی: قوتابیان و ئەکادیمییەکان لە سەرانسەری بەریتانیا بەشدارییان لە بایکۆتکردنی ئەکادیمیی ئیسرائیل کردووە، بەڵام لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەریی زانکۆکانەوە ڕێگرییان لێ دەکرێت.