کەرکووک.. وەزارەتی پەروەردەی عێراق کێشە بۆ قوتابخانە کوردییەکان دروست دەکات
بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە لابردنی پۆلە کەرەڤانەییەکان، کێشەی گەورەی بۆ زیاتر لە 50 قوتابخانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دروست کردووە، کە بەهۆی کەمیی بیناوە پشتیان بەو پۆلانە بەستبوو.
لە یەکێک لە قوتابخانەکان نزیکەی 100 قوتابی لە سێ پۆلی کەرەڤانەدا دەیانخوێند، کە سەر بە خوێندنی کوردییە و لە ساندویچ پانێڵ دروستکراون، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ خوێندنی تێدا قەدەغە کردووە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە کوردستان24ی گوت: زیاتر لە 50 بۆ 60 قوتابخانەمان کەرەڤانەی تێدایە، ئەوەش کێشەی بۆ دروست کردووین. قوتابخانە هەیە ئێستا ناتوانێت پۆلی یەک وەربگرێت و کێشەی بۆ دروست بووە؛ پێویستە چارەسەرێکی خێرایان بۆ بکرێت."
سالار نوورەدین، بەڕێوەبەری قوتابخانەی تاوەسپی، باس لەوە دەکات کە ئەم پۆلانە بۆ تاقیکردنەوەکان بەکارهاتوون و ئێستا داوایان لێکراوە لایانببەن، بەڵام شوێنی جێگرەوەیان نییە. دەشڵێت: "من نووسراوم کردبوو پێشوەختە کە ئەم کەرەڤانانە بۆ پۆلە بەکار دێن، پێویستیمان پێیانە؛ بەڕاستی ئەگەر هەڵبگیرێن، کێشەیەکی زۆر گەورە بۆ قوتابخانەکەمان دروست دەکەن."
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە بیانووی سەلامەتی و پاراستنی قوتابییان لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە دەرچووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کەمتر لە دوو مانگە دەوامی فەرمیی قوتابخانەکان دەستیپێکردووە.
کەمیی بینای قوتابخانە لە عێراق وایکردووە کە پەروەردەی شارەکان پەنا بۆ دروستکردنی پۆل لە شێوەی کەرەڤانە ببەن، بەڵام لە ناکاو و بەبێ هیچ پلان و چارەسەرێکی جێگرەوە، سەرجەم ئەو پۆلانە هەڵگیران.
لابردنی کەرەڤانەکان لە کاتێکدایە کە ساڵانە بەهۆی گەشەی دانیشتووانەوە، ژمارەی قوتابی لە قوتابخانەکاندا زیاد دەکات و پێویستیی دروستکردنی قوتابخانەی نوێ زیاتر دەبێت، نەک کەمکردنەوەی پۆلەکان.