هەولێر.. هەڵمەتێک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران دەستیپێکرد

لە هەولێر، هەڵمەتی ئاشتی-ئارامی-خێزان بەڕێوەدەچێت، لەچوارچێوەی هەڵمەتەکەدا چالاکیی جیاواز بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی جیابوونەوەی هاوسەران کەمبکرێتەوە کە ئێستا لە بەرزبوونەوەدایە.
عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو بارودۆخە ناهەمووارەی بەسەر خەڵکی هەرێمی کوردستاندا لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە سەپێندراوە بە بڕینی مووچە و بوودجەوە، مەبەستمان بوو لەڕێگەی هاشتاگی( خێزان-ئاشتی-ئارامی)، پەیامێکی ئەرێنی بنێرین بۆ کۆمەڵگە و خێزانی کوردستانی، چونکە هەستمان کرد بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە پێشەوە، ڕێژەی کێشەکانی خێزانی زیادبوون و بەرەو هەڵکشانن، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە دەست بەو هەڵمەتە بکەین و پەیامی ئەرێنی بە هاووڵاتییانمان بگەیەنین لەڕێگەی مامۆستایانی ئایینی، مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی ئایینی مەسیحی و سەرکردەکانی دیکەی کۆمەڵگە.
دەشڵێت: دەمانەوێت لەو هەڵمەتەدا بۆ هاووڵاتییان دووپاتی بکەینەوە کە، بەردەوام لە خزمەتی ئاشتی و ئارامی خێزانەکان دەبین، دەمانەوێت کاریگەرییەکانی بڕینی مووچە لەلایەن بەغداوە، لەسەر دەروونی هاووڵاتییانمان کەم بکەینەوە و دووریان بخەینەوە لە هەڵوەشانەوە و لێک جودابوونەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هەڵمەتی(خێزان و ئاشتی و ئارامی) تاکوو 1ـی تشرینی یەکەمی 2025 بەردەوام دەبێت.