دەشتی کەلهوڕی گۆرانییەک بۆ کەلار ئامادە دەکات

هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەشتی کەلهوڕی کە ئێستا لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژیت، خەریکی ئامادەکردنی گۆرانییەکە بۆ کەلار، دەڵێت: خۆم بە قەرزاری ئەو شارە دەزانم کە تێیدا لەدایکبووم و گەورەبووم.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14ـی ئەیلوولی 2025، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەشتی کەلهوڕی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: دوای کارکردن لەسەر ئەو کارەساتانەی بەسەر میللەتی کورددا هاتوون لە کیمیاباران و ئەنفال، هەروەها بۆ جوانی کوردستان و نیشتمان، ئێستا خەریکی ئامادەکردنی گۆرانییەکە لەسەر کەلار و ناوی گۆرانییەکەشی ناوە(کەلار).
لەبارەی ناوی گۆرانییەکەی، دەشتی کەلهوڕی گوتی: کە لە کەلار لەدایکبووم و گەورەبووم، تا ئەو ڕۆژەی گەیشتمە ئەڵمانیا هەر لە کەلار بووم، خۆم بە قەرزاری ئەو شارە دەزانم، بۆیە ناوەکەم کرد بە(کەلار).
دەڵێت: شێوازێکی نوێم لەو کارە هونەرییە بەکارهێناوە کە ئێستا کارە تەکنیکییەکانی لە وڵاتی ئێران دەکرێت، شێوازێکی گەرمیانیم تێکەڵ بە مەقامێکی گەرمیانی کردووە، لە گۆرانییە باس لە جوانی و نەبەردی و میواندۆستی خەڵکی شارەکە دەکەم، سەرباری باسکردنی قەڵای شێروانە و گەرمیان.
دەشتی کەلهوڕی ئاماژەی بەوە کرد، ئاوازی گۆرانییەکە هی خۆیەتی، هۆنراوەکەی هی ئەکرەم هەواسە، کاری میوزیک و دابەشکردنیشی، ئەمیر جەباری کردوویەتی.
گوتی: چەند ساڵێکە دەمەوێت ئەو کارە هونەرییە بکەم و خەریکی ئامادەکارییم بۆی، کوردستان24 یەکەم دامەزراوەی میدیایی کوردستانە ئەو هەواڵە بە هەوادارانم لە کوردستان و دەرەوەی وڵات دەگەیەنێت، گوتیشی: کوردستان24 پشتیوانی هونەرمەندانی کوردستانە.