بەشێک لە گرووپەکانی فەڵەستین، چەکەکانیان ڕادەستی سوپای لوبنان کرد

سوپای لوبنان لە چوارچێوەی پلانێکدا، پرۆسەی وەرگرتنی چەکی گرووپەکانی سەر بە ڕێکخراوی ئازادیخوازیی فەڵەستینی تەواو کرد.
ڕۆژی شەممە، 13ـی ئەیلوولی 2025، سوپای لوبنان ڕایگەیاند، هەشت بارهەڵگر چەکی لە گرووپەکانی سەر بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین وەرگرتووە. لە بەیاننامەکەی سوپای لوبناندا هاتووە " لە کەمپی عەین حلوە پێنج بارهەڵگر و لە کەمپی بەداوی لە تەرابلوس، سێ بارهەڵگر، چەکی وەرگرتووە."
عەبدولهادی ئەسەدی، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی فەڵەستینی لە لوبنان، ڕادەستکردنی چەکەکانی پشتڕاست کردەوە و گوتی: هێزەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمڕۆ پرۆسەی وەرگرتنی چەکی گرووپەکانی سەر بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین، تەواو کرد.
پرۆسەی ڕادەستکردنەکە، وەک تەواوکەری ئەو پلانە دێت کە لە 21ی ئابی ڕابردوو دەست بە جێبەجێکردنی کرا، دوای ئەوەی هەردوو لایەنی لوبنانی و فەڵەستینیی لە کاتی سەردانی سەرۆکی فەڵەستین، مەحموود عەباس بۆ بەیروت، لە مانگی ئایاری ڕابردوودا لەسەری ڕێککەوتن. بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنە، گرووپە فەڵەستینییەکان بەرپرسیارییەتی ئاسایش لە ناو کەمپەکاندا لە ئەستۆ دەگرن، سوپای لوبنان ئاسایشی دەرەوەی کەمپەکان دەپارێزێت.
سەرەوریی دەوڵەتی لوبنان
بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی بەشێک نین لە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستین و هێشتا ئامادە نین چەکەکانیان ڕادەستی سوپای لوبنان بکەن. دەسەڵاتی فەڵەستینیش توانای کۆنترۆڵی گرووپەچەکدارەکانی دەرەوەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازیی فەڵەستینی، وەک حەماس و جیهادی ئیسلامی نییە لە ناو کەمپەکانی لوبناندا.
لیژنەی دیالۆگی لوبنانی-فەڵەستینی، کە سەر بە سەرۆکایەتیی وەزیرانی لوبنانە و چاودێریی پرۆسەی وەرگرتنی چەکەکان دەکات، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکانی لەگەڵ گرووپە جیاوازە فەڵەستینییەکان، بە بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامیشەوە بەردەوامە، لە چوارچێوەی ئاراستەی نەگۆڕی دەوڵەتی لوبنان بۆ سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر تەواوی خاکەکەیدا".