ئیهود باراک: ناتانیاهۆ ڕێگە نادات دانوستانەکان سەر بگرن

سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ناتانیاهۆ ڕێگە لە پێشکەوتنێکی دانوستانەکاندا، دەگرێت و ناهێڵێت سەربگرێت.
ئیهود باراک، سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئۆپراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل "جیدۆن 2" توانای لەناوبردنی حەماسی نییە. هەروەها جەختی کردەوە، هێرشکردنە سەر دانوستانکاران مەترسی جددی لەسەر ژیانی بارمتەکان دروست دەکات.
لە لێدوانێکدا بۆ پەخشی ئیسرائیل، ئیهود باراک، ئاماژەی بەوەدا، بزووتنەوەی حەماس هەوڵدەدات ئیسرائیل بۆ ناو "تاڵاوگەی شاری غەززە" ڕابکێشێت، چونکە ئەمە بۆ حەماس سەرکەوتنێکی دیپلۆماسی بێ وێنە بەدوای خۆیدا دێنێت.
سەرۆک وەزیرانی پێشوو دووپاتی کردەوە، هێرشکردنە سەر دانوستانکاران لە پایتەختە نێوەندگیرییەکاندا ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە. ئاماژەشی بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کرد و گوتی: "هەرجارێک پێشکەوتن لە دانوستانەکاندا ڕووبدات، نەتانیاهۆ هێرش دەکاتە سەر کەسێکی دیکە."
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر شاندی دانوستانکاری فەڵەستین لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کرایە ئامانج. لەدوای ئەم ڕووداوەش، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" ڕایگەیاند، سەرکردەکانی حەماس نوێنەرایەتی "کۆسپی سەرەکی" بۆ ئاشتی دەکەن و لەناوبردنیان دەبێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ لە کەرتی غەززە.
مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو، سوپای ئیسرائیل ڕەزامەندی لەسەر فەرمانی نوێی بانگهێشتکردنی سەربازە یەدەگەکان لە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی جیدۆن ڕاگەیاند. سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندبوو، نزیکەی 60 هەزار فەرمانی بانگهێشتکردن بۆ سەربازە یەدەگەکان دەرچووە، لە کاتێکدا 20 هەزار سەرباز کە پێشتر وەرگیراون، ئاگاداری درێژکردنەوەی خزمەتەکەی ئێستایان پێدەگات.
هەر لەو مانگەدا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، نیازی خۆی بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵ بەسەر تەواوی کەرتی غەززە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل ڕاگەیاندبوو.