نەوزاد شێخ کامیل: بەم زووانە بەشی شەشەمی بەشە خۆراکی هاووڵاتیان دابەش دەکرێت
تاوەکوو ئێستا چوار ملیۆن و 638 هەزار و 679 کەس لە هەرێمی کوردستان پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕکردووەتەوە، کە دەکاتە 86%ی هاووڵاتیانی هەرێم پسسولەکەیان پڕکردووەتەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە 2ـی 9 پرۆسەی قۆناغی یەکەمی پسوولەی ئەلیکترۆنی خۆراک بەکاتی وەستاوە، قۆناغی دووەمیش لەم هەفتەیەدا لە هەندێک لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات، گوتیشی: قۆناغی دووەم بریتییە لە کردنەوەی ئەو خزمەتگوزارییانەی ناو فۆڕمەکە ئەلیکترۆنییەکە، کە خەڵک خۆێ تۆمارکردووە. ئەوانیش بە زیادکردنی منداڵەکان، گواستنەوە لەگەڕيکێک بۆ گەڕێکی دیکە یان لە شارێک بۆ شارێکی دیکە. ئەم پرۆسەیە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێ دەکات.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هاووڵاتیانەی تاوەکوو ئێستا کارتی نیشتمانیان بەهەر هۆکارێک بێت تەواو نەبووە یان لەگەشت بووینە تازە گەڕاونەتەوە، ئەوە بۆ ئەوان هەردوو قۆناغ کارا دەبێت و دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن.
نەوزاد شێخ کامیل دەشڵێت: ئێمە لە 6ـی 5 خەڵکمان ئاگادار کردەوە کە پسوولەکە پڕ بکەنەوە، ئەوانەی تاوەکوو 2ـی 8 خۆیان تۆمار کرد هەمووی ئێستا بەشەخۆراک وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی لەدوای 2ـی 8ەوە پسوولەکەی پڕکردووەتەوە بەشەخۆراکیان بەکاتی ڕاگیراوە. نەوزاد شێخ کامیل ڕوونی کردەوە، ئەو 740 هەزار هاووڵاتییەی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریکراوی قۆناغی یەکەمدا ناویان تۆمار نەکردووە، قەرەبوو ناکرێنەوە و بەشە خۆراکیان لەو مانگەوە بۆ دێت کە ناویان تێیدا تۆمار دەکەن.
گوتیشی: قۆناغی یەکەمی پڕکەدنەوەی پسولەی خۆراک بە خۆڕایی بوو، بەڵام لە قۆناغی دووەم هەر خێزانێک (کە لە 1 تا 15 کەس دەگرێتەوە) دەبێت بڕی 11 هەزار دینار بدات بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی. ئەمەش دەبێت بە ماستەرکارت بێت و پارەکەش بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراقە.
لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە گوتی: حکوومەتی عێراق دەستی بە دابەشکردنی پارەکە کردووە، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی وەرگرتنی گەنم لە هەرێمدا (کە درەنگتر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق پێدەگات)، پارەکە بە چەند وەجبەیەک دەگات. ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بڕی 400 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێم وەرگرتووە، ئێمەش بەپێی ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆ پارەکە دابەش دەکەین، دەشڵێت: حکوومەتی حێراق پارساڵ پێنج ملیۆن و 300 هەزار تۆن گەنمیان وەرگرت، بەڵام ئەمساڵ چوار ملیۆن 300 هەزار تۆن، ئەو برەیان دابەشی پاریزگاکانی عێراق کرد، لەوچوارچێوەیە ئێمە 300 هەزار تۆنمان بەرکەوت.